بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەناڵی تەلەفزیۆنیی كوردستان 24 لەبارەی كۆبوونەوەی وەفدی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: شاندی حكوومەت دوو پێشنیازیان خستوەتە بەردەم تیمی یەكێتی.
پێشنیازی یەكەم ئەوە بووە قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی پێكەوە بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ قسە لەسەر كێشەكان و چارەسەركانی بكرێت.
پێشنیازی دووەم ئەوە بووە كە سەرەتا تیمی وزاری یەكێتی بگەڕێتەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، دواتر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.
قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەكێتی بۆچوونێكی پێچەوانەیان هەبووە، داوایان كردووە سەرەتا كێشە و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت دواتر ئەوان دەگەڕێنەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
داواكارییەكانی تیمی وەزاری یەكێتی پەیوەندی بە پرسی ناردنی پارە و دۆخی دارایی پارێزگای سلێمانییەوە هەبووە، هەروەها چارەسەركردنی ئەو پرسە ئەمنیانەی لەچەند مانگی رابردوو ڕوویان دا.
Your Comment