ئیتاڵیا نیگەرانیی خۆی لە دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕادەگەیەنێت

بەشی جیهان- بەوتەی پسپۆڕێکی ئیتاڵیایی، یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیتاڵیا هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردنی لە زیانی زیاتر کۆمپانیا ئیتاڵییەکان بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شرۆڤەکارێکی ئیتاڵی کە وڵاتەکەی بە یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەزانێت، هۆشداری دەدات لە ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاری ئەرووپا بە تایبەت ئیتاڵیا، کە ڕەنگە زیانێکی بەرچاو بەر پیشەسازیی وزە لەو وڵاتە بکەوێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەی نزیکەی 10ڕۆژە و پاش سەرکەوتنی حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە دۆسیە سکاڵا لە سەر تورکیا بەبۆنەی هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم، ڕاگیرا.

فرانسیسکۆ سالسیۆ شیاڤی، پسپۆڕی ئیتاڵی لە پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند: دوای سزا نەوتییەکانی سەر ڕووسیا، وڵاتەکەی لەڕێگای نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە نزیکەی نیوەی نەوتی خاوی پێویستی خۆی دابین کردووە. بۆیە ڕاگرتنی هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتەی خستۆتە مەترسییەوە.

ناوبراو پێی وایە گەشتەکەی هەفتەی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتاڵیا و دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە پەیوەندی بەو بابەتە هەبووە.

ئەم پسپۆڕە ئیتاڵییە ئاماژەی داوە بەوەی کە وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەر دوو لایەنی دۆسیەکەدا هەیە و ئەگەری نێوەندگیریی ئیتاڵیای بۆ چارەسەرکردنی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە داهاتوودا ڕاگەیاند.

News Code 221262

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha