زەنگی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان لێدرا/ سەلاحەدین خەدیو

زەنگی مەترسی یەکەم: پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر یەکێک لە هەرەگرینگترین ڕووداوە فەرهەنگییەکانی هەرێمە. لە دوایین پێشانگادا کە پاش وەستانێکی سێ ساڵە بەبۆنەی کۆرۆناوە، ئەم دواییە بەڕێوەچوو، ڕاگەیێندرا کە کتێبی ڕامان و ڕۆمانی جیهانبینیی ئیسلامی کە هەردوویان بەرهەمی مەلا کرێکارە زیاترین فرۆشی مسۆگەر کردووە.

کرێکار بانگخوازێکی ئایینیی سەلەفیە کە سەرکردایەتیی چەند ڕێخراوی ئیسلامیی چەکدار و پشتیوانی کردن لە بن لادەن لە کارنامەکەیدایە.

بەمەیشەوە پێشوازیەکی گشتیی بەربڵاو لە بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستان نابێت لەبەرچاو نەگیردرێت، ئەمە نیشاندەری گۆڕانکاریەکی گەورەیە لە هزری گشتیی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا.

ئەگەر بمانەوێت بەراوردێک بکەین، دەتوانین ئەم گۆڕانکارییە لەگەڵ بڵاو بوونەوەی خێرای ناو و وتارەکانی دکتۆر شەریعەتی لە ئێران لە دەیەکانی 50ی هەتاویدا بەرەوارد بکەین کە هاوکات بوو لەەڵ زیاتر بوونی بەرچاوی دروشمە ئیسلامییەکاندا.

هەرچەند کە زووە ئەمە بڵێین کە لە هەرێمی کوردستاندا بۆنی شۆڕشی ئیسلامی دێت بەڵام نابێت گوێ لەم دەنگانە نەدرێت.

یاسایەکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ­بەش لە دیموکراسی و تووشبوو بە هەژاریی گەشە سیاسییەوە بوونی هەیە: ئەنجامی دەسەڵاتە نادیموکراتیک و گەندەڵ و سیکۆلارەکان دەگاتە بنبەستی مانای سکۆلاریزم.

هەڵبژاردنی بەدیلە ئیسلامییەکان و هانا بردنی خەڵک بە ئایین وەکوو پەناگەیەکی ئەنجامی ئەم دیالیکتیکەیە.

لێرەدایە کە چاکسازیی جیددی و ڕادیکاڵ زەروورەت پەیدا دەکات. چاکسازیەک کە بە تێپەڕاندنی ئیلگارشییەکانی ئێستا و زیاتر بوونی بەشداریی خەڵک و گرووپە سیاسییەکان و دادپەروەری لە دابەش کردنی سامان و دەرفەتی کار مومکین دەبێت.

زەنگی مەترسی دووهەم: گۆڤاری ئەمریکیی Foreign Policy ڕاپۆرتێکی پۆ لە ڕەخنەی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی "هەرێمی کوردستان لە لێوارەی ڕووخان" نووسی.

ئەم گۆڤارە و بڵاو کرنەوەی لەلایەن کۆنسۆڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، تووڕەی بەرپرسانی هەرێمی لێکەوتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە گۆڤارەکە داوای گوشارخستنی ئەمریکای کردووە لەسەر دەسەڵاتداران بۆ ئەنجامدانی چاکسازی.

وتارەکەی Foreign Policy دەتوانرێت بە ڕووداوێکی گرینگ لەقەڵەم بدرێت.

هەرێمی کوردستان بە­بێ پشتگیریی ستراتێژیکی ئەمریکا دانەدەمەزرا و ئێستاش مانەوەی بەسراوە بە یارمەتییەکانی ئەو وڵاتەوە.

گومانی تێدا نییە کە وتارەکەی Foreign Policy جۆرێک هۆشدارییە. لەو هوشدارییانەی کە بە حامید کەرزی و ئەشرەف غەنی و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا درا بەڵام بەلایانەوە گرینگ نەبوو.

پەیامەکە ڕوون و ئاشکرا بوو: ئێمە لە گەندەڵی و بەرژەوەندی خوازی و ئەتیکخوازی و گەشەنەکردنی مەدەنی و سیاسیی ئێوە ماندووین! ئەم بێزارییەشمان دەبێتە هۆی ماندووبوونمان لە بنیاتنانی میللەت و بنیاتنانی دەوڵەت لە ناوچە ناسەقامگیرەکاندا کە لێوانلێوە لە ململانێی درێژخایەن.

بۆیە پشتگیرییەکانی ئێمە بۆ هەمیشە نییە و ڕەنگە لە ڕۆژانێکدا کە زۆر دوور نین بڕۆین و لایشتان لێنەکەینەوە!

تا ئەوەی کە ڕۆژی موژدەدراو لە مانگی تەمووزی 2021 گەیشت و لە چاو ترووکاندنێکدا دیموکراسیی ئەفغانی کۆتایی­هات و تاڵەبان گەڕایەوە.

هۆشداریەکەی بە هەمان شێوەیش دراوەتە هەرێمی کوردستانی!

زەنگی مەترسیی سێیەم: عێراق لە موناقیشە نەوتییەکەدا لەگەڵ تورکیا و هەرێمی کوردستان، سەرکەوت و هەناردەکردنی نەوت بەشێوازی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە بە کردار کۆتایی هات.

ئەگەر لە من بپرسن باوەڕم وایە ئەم گۆڕانکارییە سوودی بۆ هەرێم و خەڵکەکەی هەیە. نەوت دەتوانێت هەم نیعمەت بێت و هەم گێچەڵ.

لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە نەوتی فرۆشت، زیاتر بەڵا بوو نەک نیعمەت!

شەفاف نەبوونی گرێبەستەکان و سەرچاوە داراییەکانی هەناردە کردنی نەوت و ئیسراف و بە تایبەتی ئیسراف لە تەرخان کردنی داهاتەکاندا نەک هەر نەبووە هۆی گەشەسەندنی کوردستان، بەڵکوو ئەو ناوچەیەی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

نەوت شەرعیەت و کارایی دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لەناوبرد و کێبڕکێی سیاسیی لە ئاستی حزبەکانەوە هێنایە ناو خێزان و ئامۆزا و تاکەکانەوە.

چینی سەرمایەدار کە لە ڕێگەی پەیوەندیی دەسەڵات و حیزب و بنەماڵەوە پێکهاتبوو، ڕووبەڕووی زۆرینەی ڕەهای بێدەسەڵات و بێکاران و هەژاران بوویەوە

ئێمە و ئەوان! ئێمە واتا زۆرینەی خەڵک کە لە دوو جەمسەریی حیزبی دیموکرات و یەکێتی بڕاون و ئەوانیش واتا ئامۆزاکان و کادیرە باڵا حزبییەکان

هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کە بە بەشداریی نزیکەی ٣٠% بەڕێوەچوو، نیشاندەری داڕووخانی گەورەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی.

بەڵام هۆشداری سەرەکی لەسەر شتێکی ترە: خۆدۆزینەوەی زیاتری بەغدا و سەرکەوتنە یاسایی و سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان بەسەر هەرێمدا لە ڕێگەی دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوە!

ئەم پێشهاتە بەو مانایەیە کە بێ­دەسەڵاتی و فیترەتی بیست ساڵەی بەغدا کۆتایی هاتووە و حکوومەتی عێراق بە هەمەچەشن کردنی هاوبەشەکانی و چاکسازی لە پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاشتی لە ناوخۆدا، هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە بۆ  گۆێڕایەڵ کردنی هەولێرێک کە پێشتر "لە حەوت دەوڵەت ئازاد" بوو.

ئەوەش لە خراپترین بارودۆخی مومکیندا: سەرکردە مێژووییەکانی کورد زۆربەیان گۆڕەپانەکەیان بەجێهێشتووە و مەیدانەکە بۆ نەوەی دووەم و سێیەمی بێ­ئەزموون چۆڵ کراوە.

دەسەڵاتدارانی گەنج لە کێبڕکێی سەخت و ئاڵۆزی بنەماڵەیی و حیزبی و حکوومیدا تێوەگلاون و سوودێکی ئەوتۆیان لە حیکمەت و تێڕوانین و نەرمی نواندنی نەوەی پێش خۆیان نییە.

بابەتی دیکەی هەیە کە زیاد بکرێتە سەر ئەم لیستە لە هۆشدارییەکان بەڵام بۆ کەسانی ژیر تەنها ئاماژەیەک بەسە!

News Code 221218

Your Comment

You are replying to: .
captcha