وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فەرەنسی هاتە دەنگ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدا بووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".

ئەوەش خراوەتە روو: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە".

ئاماژە بەوەش کراوە: "بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار".

جەختیش کراوەتەوە: "لەمبارەیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری".

News Code 221201

Your Comment

You are replying to: .
captcha