تورکیا بەرپرسی کوشتنی ئەو چوار کوردەیە کە شەوی نەورۆز لە جندرێس کوژران

بەشی جیهان- ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت تورکیا بەرپرسە بەرامبەر کوشتنی ئەو چوار کوردەی شەوی نەورۆز لە جندرێس کوژران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکەی سەر خێزانێکی کورد لە شارۆچکەی جندرێس بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت هێرشەکە لەلایەن سی ئەندامی ڕێکخراوی لەشکری نیشتمانی سوریا کە تورکیا پشتیوانی دەکات، شەوی 20ی سێ ئەنجام دراوە لە کاتێکدا ئەو بنەماڵەیە جەژنی نەورۆزیان دەگێڕا.

ڕێکخراوەکە دەڵێت لەو ڕووداوەدا سێ برا و کوڕی یەکێکیان کوژران و خزمێکی تریشیان بە سەختی بریندار بووە و دوانی تریش بە سووکی برینار بوون.

ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "ئەم کوشتنانە دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە چارەسەرنەکراون دێتە ئاراوە لەسەر دەستی هێزەکانی تورکیا و ئەو لایەنە ناوخۆییانەی سووریا کە دەسەڵاتیان پێدەدەن".

کوگڵ دەشڵێت: "تورکیا ڕێگەی بەم چەکدارانە داوە بەبێ سزای توندوتیژی ئەو خەڵکە هەراسان بکەن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا دەژین و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبێتەوە کە خۆی بکاتە هاوبەش لە سەرپێچییەکاندا."

ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی بنکە لە نیویۆرک دەشڵێت قسەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئەو برایانە، دوو شایەتخاڵی ڕووداوەکە، دراوسێیەکیان و کارمەندێکی مرۆیی لە شاری عەفرین نزیک جندرێس کردووە. هەروەها پیداچوونەوەی بە وێنەکانی تەرمەکان و ڤیدۆکانی کە پاش ڕووداوەکە گیراوە کردووە.

News Code 221195

Your Comment

You are replying to: .
captcha