کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی رەتی دەکەنەوە پارەیان لە یەکێتی و پارتی وەرگرتبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی ئەو زانیارییانە رەت دەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن ئەو حزبانە لە دەرگای جیاوازەوە پارەیان لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار وەرگرتبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە روونکردنەوەیێکدا رایگەیاند "ئەو زانیاریانەی لە ژمارەیێک لە ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا باس کراون، گوایە کۆمەڵی دادگەری لە دەرگای جیاوازەوە و لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارە وەردەگرین، رایدەگەیەنین کە ئەو زانیاریانە ناڕاستن و رەدی دەکەینەوە."

جەختیشی کردۆتەوە کە "کۆمەڵی دادگەری سەرچاوەی داھاتی دیار و شەفافە، نە کۆمپانیای ھەیە نە سیاسەتی بۆ بازرگانییە، نە ھیچ سەرچاوەیێکی داھاتی لەبەردەستە تاکوو بۆ مەرامی خۆی بەکاریھێنابێ، ئەم جۆرە ناڕاستیانەش بۆ مەرامی تایبەت لەم کاتەدا دەوروژێنرێت."

هەروەها خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رەتی دەکاتەوە مانگانە پارەیان لە پارتی وەرگرتبێت و دەشڵێت، ئەو هەواڵە "هیچ بنەمایێکی راستی نییە."

وتەبێژی یەکگرتوی ئیسلامی لە راگەیەندراوەکەیدا وتوویەتی "سەبارەت بەو هەواڵە کە تیایدا هاتووە یەکگرتوی ئیسلامی کورستان، مانگانە پارە لە کەسانی حزبی دەسەڵات وەردەگرێت، ئێمە لە یەکگرتوو، تایبەت بەو بەشەی خۆمان، سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە هیچ بنەمایێکی راستی نییە."

وتووشیەتی"داواکارین لە ماڵپەری ناوبراو و دەزگاکانی راگەیاندن بە گشتی، وردبینانەتر زانیاری بڵاو بکەنەوەو پەنا نەبەنە بەر چەواشەکاری و درست کردنی هەواڵی بێ بنەما."

جەختیشی کردۆتەوە کە "یەکگرتوو، مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر ئەم جۆرە هەواڵە هەڵبەستراوانە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە، ماڵپەڕی درەو میدیا لە هەواڵێکدا وتبووی، پارتی مانگانە لە رێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پارە دەداتە "کۆمەڵی دادگەریی ‌و یەکگرتووی ئیسلامی."

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 2211

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha