کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی رووداو ڕایگەیاند، شاندی دانوستاندنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای هەفتەیێک گفتوگۆ و دانوستاندن، لەگەڵ بەغدا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و شاندەکە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەندامێکی شاندەکە بە رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق ئاستی داواکارییەکانی زۆر بەرزکردووەتەوە، سەرەڕای ئامادەیی شاندی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغدا دڵنیایی نەداوە لە ناردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 2020/12/09 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی چوونە بەغدا و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی یاسای قەرز و پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای گشتیی بودجەی 2021 سازدا.
دوای هەموو ئەو کۆبوونەوانە رۆژی چوارشەممە 16-12-2020 قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەممەد حەلبووسی کۆبووەوە. حەلبووسی گوتوویەتی پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، بەڵام شەوی رابردوو بەشێکی ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە رایانگەیاند ئامادە نین "یەک دیناریش" بنێرن بۆ هەرێمی کوردستان ئەگەر بێت و تێکڕای داهاتە فیدراڵییەکان رادەستی بەغدا نەکرێن.
Your Comment