کوردپرێس:
پاش بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکانی تاڵان کردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە تورکیاوە چووەتە سەر سنووری کوردستان، دەیەوێت رێگری بکات لە سوتاندن و تاڵانکردنی دارستانەکانی باشووری کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لەدژی داربڕینەوەکانی بادینان دەچیتە پیشەوەی شەڕەکان و ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتە بوویەوە . ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی فەرمی و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لەو بارەیەوە نەبووە.
شایانی باسە تورکیا بە بیانووی شەڕی دژبە پەکەکە هەوڵی داوە شەرعیەتی ئەمنی بۆ جووڵە سەربازییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان بتاشێت و بەو پاساوەش توانیویەتی بە ڕادەیێک زۆر بێتە نێو خاکی هەرێم.
زۆر گوندی هەرێمی کوردستان لە ترسی هێرشەکانی فڕۆکەی جەنگیی تورکیا چۆڵ کراون و جگە لە زیانی دارایی، هاووڵاتییانی سنوورەکانی هەرێم و تورکیا زیانی گیانیی فراوانیشیان بەر کەوتووە و ئەمە بەردەوامیشە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت.
وا دەردەکەوێت سوپای تورکیا ھەموو ئەو شوێنانەی کە لە هەرێمی کوردستان داگیری کردووە یان دەیسوتێنێت یان ھەموو دارەکانی دەبڕێتەوە، پلانەکە ئەوەیە ھەموو دارستانەکانی زاپ، ئاڤاشین، شین و مەتیناو بەدلیس لەناو ببات و بیکات بە سەربازگە. ئەمەش جیا لە داگیرکاری خاکی هەرێم، شێواندن و ڕووتاندنەوەی سروشتی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
لە نوێترین جووڵەیدا تورکیا دەستی کردووە بە ڕووتاندنەوە و تاڵان کردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەش کاردانەوەی فراوان و تووڕەییی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە.
Your Comment