کوردپرێس:
ئیدارەی بایدەن یەکەم بودجەی بەرگریی خۆی پێشکەشی کۆنگرێس کردووە کە دەگاتە زیاتر لە 750 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2022.
ئیدارەی بایدن 522 ملوێن دۆلاری بۆ یارمەتیی سەربازی لە عێراق و سووریا تەرخان کردووە کە بەشێکی ئەو پارەیە دەدرێت بە هێزە کوردەکانی ئەو دوو وڵاتە. ئەمریکا بەشێک لە ئەو یارمەتییەش بە هاوپەیمانەکانی خۆی لە شەڕی دژبەداعش لە عێراق و سووریا دەدات.
بەو حاڵەشەوە بەراورد بە بودجەی داواکراوی بایدەن لە کۆنگرێس و ئەو بودجەیەی پێشتر ترەمپ داوای کردبوو، یارمەتییە دارایییەکانی ئەمریکا بۆ هێزە هاوپەیمانەکانیان لە عێراق و سووریا نزیکەی 200 ملوێن دۆلار کەمی کردووە و لە 710 ملوێن دۆلارەوە کراوە بە 522 ملوێن دۆلار. بە پێی ڕاپۆرتە نێردراوەکان بۆ کۆنگرێس، ڕێژەی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی خۆی لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2020 یەک ملیار و 200 ملوێن دۆلار بووە.
ئێستاش دیار نیە بە وردی چ ڕێژەیێک لەو پارەیە بۆ یارمەتیدانی کوردەکانی سووریا و هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
Your Comment