کوردپرێس:
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوشێوەی کەرکووک، دیالە و مەخموور، ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەشی مووسڵیش دەستبەکار دەبێت.
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە ڕوونی کردەوە، "ژوورەکەی مووسڵ لە ناوچەی کەسکێ دەبێت، ئەمڕۆ تیمەکەی پێشمەرگە چوون و ئەگەر دەستبەکار نەبووبن، ئەوا بە دڵنیاییەوە سبەی سێشەممە پەیوەندی دەکەن و دەستبەکار دەبن".
شایانی باسە ڕۆژی دووشەممە 24-05-2021 ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور چالاک کرا و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو ژوورە دەستبەکار بوون. رۆژی یەکشەممە 23-05-2021 ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ژووری هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بنکەی سەربازیی کەی وەنی کەرکووک دەستبەکاربوون.
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم ژوورەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش چالاک دەکرێن.
لەبارەی گرنگیی ئەو ژوورە هاوبەشە لەنێوان و پێشمەرگە و سوپا، عەمید روکن ئیدریس خدر، جێگری فەرماندی فیرقەی چواردەی سوپای عێراق بە رووداوی گوت "یەکەمیان گەڕانەوەی متمانەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان؛ دووەمیان گۆڕینەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانە لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش و قەبارەی داعش لە ناوچەکە؛ سێیەمیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لەنێوان هەردوو هێز دژی تیرۆریستانی داعش؛ چوارەمیشیان هەڵگرتنی ژمارەی زۆری بازگەکان و دانانی بازگەی هاوبەشە لەو ناوچانە".
هەر لەبارەی گرنگیی پێکهێنانی ئەو ژوورانە، عەمید عوسمان بەرواری، سەرپەرشتیاری تیمی پێشمەرگە لەو ژوورە هاوبەشەی مەخموور بە رووداوی گوت "لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، متمانە و باوەڕ لای خەڵک نەمابوو؛ ئەمە هەوڵێکە بۆئەوەی بتوانین ئەو متمانەیە بۆ خەڵک بگەڕێنینەوە بۆئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان لەو ناوچانە و پێیان بڵێین، پێشمەرگە جارێکی دیکە دەتوانێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە تەممووزی 2020دا رێککەوتن چوار ناوەندی هاوبەش دروستبکەن، هەریەک لەو ناوەندانە 16 ئەفسەری پێشمەرگەیان تێدادەبێت، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری عێراقی و نوێنەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش.
لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراواندا، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 02-05-2021 لە بەغدا بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشداریی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە ناوەندەکانی نێوانیاندا چالاک بکرێن.
رۆژی شەممە 22ی ئەم مانگە لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە بەغدا لەبارەی ئەو پێکهێنانی ئەو ژوورانە قسەی بۆ کەناڵەکانی راگەیاند کرد و رایگەیاند: " ئەو ناوەندانە ناوەندی فیدراڵین بە سەرکردایەتی سوپای عێراق، نوێنەر و ئەفسەرانی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لەخۆی دەگرێت، لە نێویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، کە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان کاردەکەن".
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراق لەسەر دروستکردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دیالە، کەرکووک، مەخموور، موسڵ و دوو ژووری سەرەکی لە هەولێر و بەغدا رێککەوتوون.
ژوورەکانی بەغدا و هەولێر ماوەیەکی زۆرە کراونەتەوە، هەفتەی رابردووش سەنتەری هاوئاهەنگیی هاوبەشی دیالە کرایەوە، رۆژی یەکشەممە لە کەرکووک و ئەمڕۆش لە مەخموور و بڕیارە سبەی لە موسڵیش ئەو ژوورە بکرێتەوە.
Your Comment