کوردپرێس:
شەوی هەینی لیژنەی باڵای ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی کردەوە كە سەرباری راگەیاندنى راگرتنى خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان لە راگەیاندراوى دوو ڕۆژی رابردوودا، جێى نیگەرانییە هەندێک کەس و لایەن بەردەوامن لە بەلاڕێدابردنی داوای رەوای خەڵك بۆ مەرامى کەسی و ئەجێندای تایبەتی خۆیان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "سەرباری ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان لە ڕاگەیاندراوی ڕۆژی 9/12/2020وە، جێگەی نیگەرانیمانە هەندێك كەس و لایەن بۆ مەرامی كەس و ئەجێندا جیاجیاكانیان و خەونی بوون بە پاڵەوان و كێبڕكێكردن بۆ خاوەندارێتی شەپۆڵی ناڕەزایەتییەكان لەسەر حیسابی ژیانی خەڵك، هەروەها بەلاڕێدابردنی داوای ڕەوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێزی پشوو درێژ، لە ئەنجامدا هەموویان یەكیان گرت بۆ تێكدانی بارودۆخی ئارامی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێك لە قەزا و ناحیەكانی تر لە ئیدارە سەربەخۆكان".
لیژنەی باڵای ئاسایشی سلێمانی ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەركرد:
1. لیژنەی باڵا دووپاتی دەكاتەوە تێكدانی بارودۆخی ئاسایش بە گشتی و بە تایبەت شاری سلێمانی خۆشەویست هێڵی سوورە، هەروەك ڕاگرتنی جوڵەی ژیانی خەڵك و بەردەوامی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت باجێكی قورس و سزایێكی توندی یاسایی هەیە.
2. هێزە ئاسایشییەكان پلان و ڕێكاری نوێ و ڕێنمایی نوێیان پێدراوە كە بەزووترین كات ئارامی بگەڕێننەوە.
3. هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامی دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی كە پێشێلی یاسا دەكەن و ڕۆڵیان هەیە لە بەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان و ئەوانەی زیان دەگەیەنن بە موڵكی گشتی.
٤. پێویستە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن پابەند بن بە یاسا بەركارەكان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزكردنی و شێواندنی بارودۆخەكە و لە ڕووماڵەكانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و كارگێڕی توند دەبنەوە.
Your Comment