کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 2020/12/9 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دەیڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی . هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و جەختی لە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کردەوە و داواشی کرد، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆڵێکی چاودێرانە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا بگێڕێت و لەم ڕووەوە چەندین پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور خرانەڕوو.
Your Comment