کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەممە 10 کانوونی یەکەمی 2020، مەحما خەلیل ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند هێشتا بوونی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگالی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق.
مەحما خەلیل لە لێدوانێكدا ئاشكرای كردووە جارێ چەكدارانی پەكەكە لەناو شنگال دەرنەچوون، جێبەجێكردن و سەرخستنی ڕێككەوتننامەكەی شنگالیش وابەستەی دەرچوونی چەكدارانی پەكەكەیە لە سنوورەكە.
دووپاتیشی كردەوە ئەو چوونە دەرەوەی چەند رۆژی رابردووی پەكەكە، راست نەبوو، بەڵكو بە ڕووكەش ژمارەیەكیان لە شنگال دەرچووبوون، راستییەكەی ئەوەیە تا ئێستا چەكدارانی پەكەكە لەناو شنگالن و لەمپەرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.
ناوبراو ئەوەشی راگەیاند كە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گێڕانەوەی دەزگاكان و دەستپێكردنەوەی ئەركە فەرمییەكان، پێویستە چەكدارانی پەكەكە بە تەواوی سنوورەكە بەجێ بێڵن.
Your Comment