«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕاوەستانی دانوستانەکان لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (PYNK) و ڕایگەیاند: دانوستانەکان بەهۆ کۆتایی ئەرکی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەروەها هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتە ڕاوەستاون، بەڵام نەگەیشتۆتە بنبەست.
ناوبراو درێژەی دا: پرسێکی دیکە ئامادەنەبوونی ئەنجومەنی نیشتمانییە لە دانوستانەکاندا و هاتوچۆ کردنیان لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەیە، کە بە باوەڕی ئێمە کارێکی بەجێ نییە.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا جەختی کردەوە: ئەنجومەنی نیشتمانی تا ئەمڕۆیش بەشێکە لە هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نوێنەرەکانیان لەگەڵ بکوژەکەی (ئەڤرین خەلەف) کۆ دەبنەوە کە ئەمەش بۆ ئێمە لە پارتی ڕۆژ قبووڵکراو نییە.
ناوبراو وتیشی: ئەم پرسە نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکوو بۆ خەڵکی کوردستانی سووریاش قبووڵکراو نییە کە نوێنەری ئەنەکەسە لەسەر گۆڕی کەسێک فاتحە دەخوێنێت کە هەم عەفرینیان داگیر کردووە و هەم خەڵکیان کوشتووە.
کۆفان کەنعۆ وەبیری هێنایەوە ئەنجومەنی نیشتمانی بەنیازە سیاسەتەکانی تورکیا لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێن بەڵام ئێمە لە حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیدا بۆ ئەوەی کە پڕۆژەی دانوستانی کوردی-کوردی بگاتە ئەنجام چاو لە هەموو ئەم بابەتانە دادەخەین.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنەکەسە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وتی: ئەنجومەنی نیشتمانی لەگەڵ هەندێک گرووپ پەیوەندیی هەیە کە ئێستاکە بەشێکی گرینگ لەباکووری سووریایان داگیر کردووە، ئەگەر ئەوانیش هاوشێوەی ئێمە جیددین لە دانوستانەکاندا دەبێت دەست لەم هەڵمەتگەلە هەڵبگرن.
کۆفان کەنعۆ درێژەی دا ئەمان دەڵێن هێزە بیانییەکان دەبێت لە کوردستانی سووریا دوور بکەونەوە ئەمەش لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لەم هێزە شەڕکەرانە گیانی خۆیان بۆ پاکسازیی باکووری سووریا لە تیرۆر لەدەست داوە.
ناوبراو وتیشی: ئەنەکەسە دەڵێت هێزەکانی گریلا دەبێت لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە ئەمەش لە حاڵێکدا 4 هەزار کەسیان بۆ پاراستنی باکووری سووریا بوونە قوربانی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment