کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 9ی کانوونی یەکەمی 2020 پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لە كۆنگرەیێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ باسی رووداوە نەخوازراوەكانی چەند رۆژی رابردومان كرد و ئەوەی رودەدات پیلانێكە بۆ تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان، داوا لە لایەن سیاسیەكان دەكەم لە مەترسی دۆخی هەرێمی كوردستان تێبگەن.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وتیشی: بەداخەوە هەندێك كەس ئاراستەی خۆپیشاندانەكانیان گۆڕی و جگە لە خۆپیشاندەران كەسانێك خۆیان خزاندوەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە و كاری تێكدەرانە دەكەن، رێگەنادەین كەسانی تێكدەر بە چەك ئاراستە خۆپیشاندانەكان بگۆڕن، ئەوانەی بە چەك پەلاماری بارەگاكە دەدەن خۆپیشاندەر نین و لە دەرەوە هاتون و پێشمەرگە بە قەناس شەهید كراوە و بەچەكی قورس پەلاماری بارەگا دراوە.
مەسروور بارزانی جەختی لەوەش كردوەتەوە: سوتاندن و تێكدانی قوتابخانە خۆپیشاندان نییە و پەلاماردانی فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان خزمەت بەم وڵاتە ناكات، حكومەت لە هەموو كەس زیاتر لە بەرەی گەلە و دەمانەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان بە ئازادانە داوای مافەكانیان بكەن.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هێمای بۆ ئەوەشكرد: هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی هەرێمی كوردستان و كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوە، پێشی وایە كە لە هەرێم دوو بەرە دروستبوە، بەرەیەك بۆ پاراستنی ئەزمونەكە و بەرەكیش بۆ تێكدانی.
Your Comment