بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا رایگەیاند: "ئێمە چەند جارێک رامانگەیاندووە پەیوەندیمان بەهیچ هەڵبژاردنێکەوە نییە؛ کە ئامانجی سوورییەکان سەبارەت بە ژیان و مافەکانیان و بەشداری سیاسییان بەدیناهێنێت، هاوکات ئێمە ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێک ناکەین کە پێچەوانەی ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت".
مەسەدە لە راگەیێندراوەکەید ئاماژەی بەو هەوڵانەدا داوە، کە پێشتر هەبوون بۆ دانوستاندنی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی سووریا و دەڵێت: "سەرباری هەوڵمان بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵات لە دیمەشق بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنێک رێرەوێکی سیاسی لێ شین بێت، کەچی ئەوە بەدینەهات؛ چوونکە ئەو دەسەڵاتە رێگەی لە هەموو لێکتێگەیشتن و بەردەوامی دیدارەکان گرت، ئامانجیشی سەپاندنی دیدی خۆی بوو بەبێ گوێدانە مافەکانی مرۆڤ.
مەسەدە دەڵێت: "هەڵبژاردن ناکرێت بەبێ دۆزینەوەی چارەی سیاسی بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و ئازاد کردنی دەستگیرکراوەکان، لەگەڵ گەڕانەوەی دەربەدەرکراوەکان و دانانی بناغەیێکی نوێ بۆ بونیادنانی سیاسی دوور لە زۆرداری، دوور لە دەسەڵاتداریی یەک لایەنی سیاسی، بەڵکوو دەبێ لە کەشێکی دیموکراسی و فرەییدا بێت و دان بە مافەکانی پێکهاتەکانی سووریا بنێت بە یەکسانی و بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن".
وا بڕیارە رۆژی 26-5-2021 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا بەڕێوەبچێت. لەنێو ئەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمار کردووە دەزگای هەڵبژاردنی سووریا شیاوبوونی سێ کەسی پەسند کردووە، ئەوانیش بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئێستای سووریا، مەحموود مەرعی و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment