«مەحموود محەمەد» ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا (P.Y.D.K) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ململانێکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕایگەیاند: کێشەی نێوان ئەم دوو حزبە بە چەک چارە ناکرێت و شەڕی چەکداری تەنها تۆڵەکردنەوە و ڕەق و قین قووڵتر دەکات.
ناوبراو درێژەی دا: وێڕای ئەوەی کە دەبێت ئەم دوو حزبە خۆیان دوور بگرن لە ململانێ، لەسەر پەکەکە پێویستە کە وەکوو میوان هەڵسوکەوت بکات و شەڕی چەکداری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دوور بخاتەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا جەختی کردەوە: ناوچەی چالاکی دەربڕینی پەکەکە کوردستانی تورکیایە و ئەم حزبە دەبێت هەڵمەتەکانی خۆی بۆ ناو خاکی تورکیا بگوازێتەوە و نابێت دەستوەردان لە شەنگال و مەخمووردا بکات و ئەگەریش پێویستە لە قەندیلدا بمێنێتەوە دەبێت لەژێر چاودێڕیی هەرێمی کوردستاندا بێت و مافی هەرێم و دانیشتووانی ڕەچاو بکات.
ئەندامەکەی P.Y.D.K لەبارەی ئەوەی کە حزبەکەی چۆن بە پەکەکە و پارتیدا دەڕوانێت، ڕایگەیاند: بڕوامان وایە کە حزبە کوردستانییەکان دەبێت پێکەوە گفتوگۆ بکەن و ڕێز لە بیروڕای یەکتر بگرن. پێویستە پەکەکە یاساکان و مافی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و پارتیش ڕێز لە پەکەکە و بەرخۆدانەکانی لە تورکیا بگرێت.
مەحموود محەمەد لەبارەی ڕۆڵی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر پێگەی کوردی سووریا، وتی: بایدن سیاسەتوانێکی بەئەزموونە کە هەم بەباشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێت و هەم لەبارەی پرسی کورد شارەزایە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا (P.Y.D.K) وتیشی: بایدن سیاسەتوانێکی ئاگایە و باشتر دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایش بەدەست بێنێت. ڕەنگە ئەگەر جۆ بایدن لە جێگای ترەمپ بووایەت مۆڵەتی بە تورکیا نەدەدا هێرش بکاتە سەر باکووری سووریا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment