بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە باسنیووز-ی راگەیاند، بەھۆی نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئەو کوتلە و حزب و لایەنانەی لە پەرلەمانی عێراقن، کار بۆ مسۆگەرکردنیان دەکەن و "بەداخەوە وای دەبینن کە ئەگەر دژایەتیی کورد و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، ئەوا دەنگی زیاتر دەهێنن، بۆیە بەدەر لە یاسا و دەستوور و بنەماکان، بڕیار لە دژی خەڵکی کوردستان دەدەن".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی داوای لە بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراق کرد، واژۆ لەسەر یاساکە نەکات و گوتی: "ئەگەر واژۆی بکات، مانای وایە نەیتوانیوە بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکات، لە کاتێکدا ئەم یاسایە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانی خەڵک".
لە لایەن خۆیەوە کارزان ههنارهیی، پارێزەر راگەیاندووە: مافەکانی کورد بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق دیاریکراوە و لە هیچ کوێیەکی دەستووری عێراقدا نەهاتووە بەشە بودجەی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت لەبەرامبەر هەر هۆکارێک، بەڵام سالانێکی زۆرە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر هێرشی بودجەبڕین بە پاساوی نابەجێ و جیاواز کە ئەمەش بێگومان بە پیلانگێڕیی وڵاتانی هەرێمی و عەرەبە شۆڤینییەکان بە سونە و شیعەوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوانەی مووچەی خەڵکی کوردستان دەبڕن، کۆمەکی چەند پەرلەمانتارێکی کوردیان لەگەڵدایە کە بە دەنگی خەڵکی کوردستان لە بەغدان و دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستانیش دەکەن.
ئەو پارێزەرە بە پێویستی زانی کورد هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی یاساکە بۆ پەرلەمانی عێراق چڕبکاتەوە، چ لە ڕێگەی سکاڵا تۆمارکردن بێت یانیش لە ڕێگەی واژۆنەکردنی یاساکە لە لایەن سەرکۆماری عێراق.
Your Comment