کورد لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە کازمی نادات/ کورسی کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەبەوە دەکات خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، دەنگ بە مستەفا کازمی نادەن.

کوردپرێس: لە گفتووگۆیێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "هەموو لایەنێک بۆی هەیە پاڵپشتی کاندید بکات، بەڵام بڕوا ناکەم مستەفا کازمی لە کوردستان دەنگ بهێنێت، کوردستان خەڵکی خۆی و کاندیدی خۆی هەیە، مستەفا کازمی لەو شوێنەی خەڵکی هەیە، دەتوانێت لەوێ پشتگیری کاندید بکات و خۆی کاندید بکات."

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە، خەسرەو گۆران ڕوونیک ردەوە هەڵبژاردنی داهاتوو لەسەر بنەمای تاک ئەنجام دەدرێت، گەر حیزبەکان بچنە هەڵبژاردنەوە، دەبێت تاک کاندید بکەن، چوونکە یاساکە وایە، وتی"بۆیە بڕوا ناکەم، بتوانین هیچ هاوپەیمانێتیێک وەکوو هاوپەیمانی کوردستانی جاران بکەین، بەڵام دەکرێت لە ژێرەوە لایەنەکان پشتیوانی یەک بین، تا دەنگی کورد بەفیڕۆ نەڕوات و کورسی زیاتر بهێنین."

بەبڕوای بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ژمارەی کورسیەکانی کورد لەپەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کەم ناکات، بەڵکوو زیاتر دەکات، دەڵێت "بۆ ئێمە عێراق یەک بازنەیی بووایە باشتربوو، چوونکە دەنگەکانمان لە بەغدا و بەسرە و کوت بە فیڕۆ نەدەچوو، بەڵام هەموو شت بەدڵی ئێمە نابێت و ناتوانین هەموو شت لە پەرلەمان تێپەڕێنین، ئەگینا ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیی بووین بۆ عێراق، گەر ئەوەش نەکرایە، عێراق بکرایەتە 18 بازنە و هەر پارێزگایێک و یەک بازنە بێت، ئەمەش نەکرا، سەرباری ئەوەش، ئێمە خۆمان دەگونجێنین لەگەڵ یاساکە و هەوڵ دەدەین، کورسی زیاتر بهێنین و دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچێت."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا خەسرەو گۆران پێیوانیە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاریکراودا لەعێراق ئەنجام بدرێت، وتی "ڕەنگە فریا نەکەون، بەڵام ڕەنگە لە پایزی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

خەسرەو گۆران باسی سەردانەکانی ئەم دواییەی وەفدی حیزبەکەی بەسەرۆکایەتی خۆی بۆ لای لایەنە عێراقیەکان کرد، ئەوەی خستەڕوو ویستوویانە لە بیرکردنەوەی لایەنەکان تێ بگەن، تا بزانن بۆچوونیان لەسەر هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن چیە، بەشێکیان لەگەڵ هەڵبژاردن و یاساکە نەبوون لە نموونەی دەوڵەتی یاسا، بەڵام بانگەوازەکەی مەرجەعیەت و خواستی شەقام، ملکەچی کردوون، وتی"جارانی تر کە چووینە بەغدا، بۆ ئەوەچووین مافی کورد نەخورێ، بازنەکان بەشێوەیێکی داپەروەرانە دابڕێژرێن، تا لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین مافی کورد نەخورێ، بۆ شەڕی یەکخستنی ناوچە کوردیەکان چووین."

لەکۆتایی قسەکانیدا بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێیوابوو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، هەندێک گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام نابێتە هۆی کەنارخستنی حیزبە سیاسیەکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 210776

Your Comment

You are replying to: .
captcha