په‌كه‌كه‌ داواى دانوستان لە پارتی دەکات و دەڵێت ئامادەن کام بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەرشانیان ئەنجامی بدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- میدیایێکی کوردیی هەرێم لە زاری پەکەکەوە ڕایگەیاند ئەو هێزانە ئامادەن گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بکەن بۆ ئەوەی شەڕی براکوژی ڕوو نەدات و هەر بەرپڕسیارێتییێکیش بکەوێتە ئەستۆی پەکەکە ئامادەن ئەنجامی بدەن.

کوردپرێس:

ئاژانسی هەواڵی شارپرێس لە هەواڵێکدا ئیدعای کرد هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌ ـ باڵى سه‌ربازىی په‌كه‌كه‌) ڕاستییه‌كانى ڕوداوه‌كه‌ى چه‌مانكێ له‌سنورى پارێزگاى دهۆكی ئاشکرا کردووە ‌و فه‌رمانده‌یێكى ئه‌و هێزه‌ش له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و په‌یامێكیش ئاراسته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕ ڕوو نه‌دا، هه‌ر به‌رپرسیارێتیێک بكه‌وێته‌ سه‌رشانى ئێمه‌، وه‌ك خۆى جێبه‌جێى ده‌كه‌ین"، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، "ئه‌گه‌ر پارتى به‌ڵێ بۆ توركیا نه‌كات، ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت ژیان له‌خه‌ڵكى كوردستان تێكبدات".

ڕۆژى چوارى ئه‌م مانگه‌، میدیاى پارتى بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ سنووری ناحیه‌ی چه‌مانكێی سه‌ر به‌قه‌زای ئامێدی له‌سنورى پارێزگاى دهۆك، گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ هێرشیانكردۆته‌سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدێك‌و ژمارەیەك بریندار له‌ڕیزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌.

ڕاستىی ڕوداوه‌كه‌ى چه‌مانكێ چۆن بوو؟

له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانده‌یێكى هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه‌ ـ باڵى سه‌ربازى په‌كه‌كه‌) كه‌ داوای كرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت، له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ ورده‌كاری ‌و "ڕاستیی" ڕووداوه‌كه‌ى به‌مشێوه‌یه‌ گێڕایه‌وه‌، "ئه‌وه‌ى ده‌وترێت گوایه‌ گه‌ریلا هێرشی كردۆته ‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌ڕاستیدا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، چوونكه‌ ئێمه‌ ئه‌وكاره‌مان نه‌كردووه‌ پێویسته‌ ڕاى گشتی ئه‌وه‌ بزانن".

ئەو فەرماندەیەی پەکەکە وتیشى:"ڕۆژى 4ى ئه‌م مانگه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ى له‌ سنوورى چه‌مانكێ ‌و به دووریى 7 بۆ 8 كیلۆمه‌تر له‌و شاره‌دێیه‌ ڕووی دا، گه‌ریلا هێرشى نه‌كردۆته ‌سه‌ر هیچ كه‌سێك، به‌ڵكوو ئه‌وان هاتنه‌ ناوچه‌ى ئێمه ‌و هه‌ڵیانكوتایه‌ر سه‌ر باره‌گاكانمان، ئێمه‌ش پێشتر بۆ ئه‌منیه‌تى باره‌گاكانمان مینمان له‌ده‌وروبه‌رى خۆمان چاندووه‌، كاتێكیش ئه‌وان ئۆپه‌راسیۆنیان له ‌دژى ئێمه‌ ئه‌نجام دا، مینیان پێدا ته‌قییه‌وه‌".

فه‌رمانده‌كه‌ى هه‌په‌گه‌ نیگه‌رانى خۆى له‌و ڕوداوه‌ نیشانداو وتى:"ئه‌وه‌ى ڕویدا، ئێمه‌ بۆ ڕاى گشتیی ئاشكرایده‌كه‌ن به‌دڵى ئێمه‌ش نه‌بوو به‌داخه‌وه‌ین، به‌ڵام ڕویدا، ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ناوچه‌یێكه‌ ئێمه‌ى تێداین، هیچ كاتێك هێزه‌كانى پارتى نه‌هاتوونه‌ته‌ ئه‌و سنووره‌، دواى ته‌قینه‌وه‌ى مینه‌كه‌، بۆ ماوه‌یێكى كه‌م ته‌قه‌ له ‌نێوان گه‌ریلا و پێشمه‌رگه‌دا ڕووی دا، به‌هۆى ده‌ستوه‌ردانى فه‌رمانده‌ى گه‌ریلا له‌و سنووره‌ ده‌ستبه‌جێ ته‌قه‌ ڕاوه‌ستێندرا، ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن شه‌ڕى پێشمه‌رگه ‌و گه‌ریلا ڕووی داوه‌ ڕاست نییه‌و ئێستا دۆخه‌كه‌ ئارامه‌".

سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌ش كه‌ ئێستا له‌نێوان پارتى‌و په‌كه‌كه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، فه‌رمانده‌كه‌ى هه‌په‌گه‌ ئاشكرای كرد، "توركیا به‌رده‌وام ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ڕوداوه‌كه‌ى تێدا ڕوو دا بۆردومان ده‌كات، به‌رده‌وامیش هه‌وڵ ده‌دات نائارامى له‌نێوان كورداندا دروست بكات، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر ئێمه‌ له‌زارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كۆنسه‌ى كه‌جه‌كه ‌و موراد قه‌ره‌یڵانیشه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نرا، په‌كه‌كه‌ هیچ به‌رنامه‌ و ئامانجێكى بۆ شه‌ڕى براكوژى نییه‌ و ناشبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ لایه‌نگرى هیچ شه‌ڕێك نین، به‌تایبه‌ت شه‌ڕى براكوژى". له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ په‌یامێكى ئاراسته‌ى پارتى‌و حكوومه‌تى هه‌رێم كردو ڕایگه‌یاند، "وه‌كو هه‌میشه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌ر ئاریشه‌یه‌ك هه‌بێت، به‌گفتوگۆ لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌رى بكه‌ین، چونكه‌ شه‌ڕى ناوخۆیی‌و براكوژى ته‌نها خزمه‌تى نه‌یارانمان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ شه‌ڕ ڕونه‌دا، هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌ك بكه‌وێته‌ سه‌رشانى ئێمه‌، وه‌كو خۆى جێبه‌جێى ده‌كه‌ین".

فه‌رمانده‌كه‌ى گه‌ریلا ڕوونی كرده‌وه‌، "وه‌كوو ڕێباز، گه‌ریلا ته‌نها خۆی ‌و باره‌گاكانى خۆى پاراستووه ‌و ده‌پارێزێت، ئێمه‌ به‌رنامه‌و ڕێبازمان به‌و شێوه‌یه‌یه‌ هه‌تا هێرشمان نه‌كرێته‌ سه‌ر هێرش ناكه‌ین، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین پارتى ‌و هێزه‌كانى پێویسته‌ كۆتایی به ‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى بێنێت بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌كانى گه‌ریلا، هه‌ر كێشه‌یێک هه‌یه‌، پێویسته‌ بێنه ‌لامان ‌و پێكه‌وه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ین، نه‌ك به ‌شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ڕێزگرتنیش له‌دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى گه‌ریلا وتى:"ئێمه‌ وه‌كوو په‌كه‌كه‌ ڕێز له ‌هه‌موو یاساو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرین، به‌هیچ شێوه‌یێكیش هێرش ناكه‌ینه ‌سه‌ر هیچ دامه‌زراوه ‌و هێزێكى هه‌رێم".

بۆ ڕێگریش له‌خه‌ڵكى گونده‌كان كه‌ ده‌گوترێ په‌كه‌كه‌ ڕێگری ده‌كات، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ڕاشكاوانه‌ وتى:"ئه‌وه‌ ڕاست نییه ‌و ڕێگریمان له‌كه‌س نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌یێكیش له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆردومانه‌كانى ده‌وڵه‌تى توركه‌، نه‌ك گه‌ریلا كێشه‌ى دروست كردبێت".

به‌وته‌ى ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى هه‌په‌گه‌، "چه‌ندین هاونیشتیمانى له‌هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى توركیا شه‌هیدو بریندارو سه‌رگه‌ردان بوو، نه‌مانبینى حكوومه‌تى هه‌رێم ناڕه‌زایی نیشان بدات به‌رامبه‌ر توركیا، ئه‌گه‌ر پارتى به‌ڵێ بۆ توركیا نه‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ توركیا ناتوانێت ئه‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام بدات".

News Code 210753

Your Comment

You are replying to: .
captcha