یه‌كێتیی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا هێرشی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كات

بەشی سووریا- نووسینگەی جێبەجێکاری یەکێتیی گشتیی نووسەران و رۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا لە راگەیەندراوێکدا هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەرمەزار دەکات و داواش لە پەکەکە دەکات کە خۆی له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی بەشە کوردنشینەکانی دیكه‌ به‌دوور بگرێت".

کوردپرێس:

نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد لە بەیاننامەیێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایگەیاندووە بە نیگەرانییەوە چاودێریی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئه‌ركی ئێمه‌ وه‌ك رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ كه‌ په‌رۆشی خه‌ڵكی خۆمانین له‌ سه‌رجه‌م ناوچە کوردنشینەکان ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ پێچ و په‌نا، یان ترسه‌وه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فیتنه‌یه‌ دابنێین، كه‌ بانگه‌شه‌ی شه‌ڕ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ گه‌لی كوردمان له‌ ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان عه‌قلیه‌تی خۆسه‌پێنه‌ر و شه‌ڕی براكوژی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌".

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:

نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌ نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌وه‌ چاودێری دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ناوده‌برێن، به‌هۆی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ چه‌كدارییه‌ راسته‌وخۆیه‌ی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ كاروباری ناوخۆی هه‌رێم، كه‌ به‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ پێشێلی یاسا و رێسا و سه‌روه‌ری دراوسێیه‌تی و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ده‌كات، باج ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌شێكیان چه‌كدار ده‌كات، به‌هێز رووبه‌رێكی فراوانی خاكی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵ ده‌كات و كێشه‌ و دووبه‌ره‌كێ له‌ نێوان رۆڵه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی پێدانی پاره‌ به‌ هه‌وادارانیان یانیش ئه‌و بێویژدانانه‌ی هه‌ر له‌ سه‌رده‌می رژێمی دیكتاتۆریه‌تی عێراقه‌وه‌‌ تا حكومه‌ته‌كانی ئێستاش ئه‌جێندای و په‌یوه‌ندییان به‌ حكومه‌ته‌كانی به‌غداوه‌ هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی تۆقاندنه‌وه‌ به‌لای خۆیاندا رایكێشاون.

له‌كاتێكیشدا كه‌ گوێبیستی ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌بین كه‌ باس له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌ و شه‌هیدكردنی ژماره‌یێكیان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هێزانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، كه‌ خزمه‌تی پلانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر شانۆی جوگرافیا ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌زموونی هه‌رێمه‌وه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ و بووه‌ته‌ خاڵی گه‌شاوه‌ له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و رۆڵێكی كوردستانی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خزمه‌تكردنی په‌كه‌كه‌ و سه‌ركرده‌كه‌شی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ رۆڵه‌ ئه‌رێنییه‌كه‌ی بۆ كوردانی سووریا، كه‌ به‌ پاڵپشتی نه‌ك ده‌ستوه‌ردان و دوور له‌ هه‌ر عه‌قلیه‌تێكی خۆسه‌پێنه‌ر هاوكارییان كردوون.

ئه‌ركی ئێمه‌ وه‌ك رۆشنبیرانی راسته‌قینه‌ كه‌ په‌رۆشی خه‌ڵكی خۆمانین له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ پێچ و په‌نا، یان ترسه‌وه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فیتنه‌یه‌ دابنێین، كه‌ بانگه‌شه‌ی شه‌ڕ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، چونكه‌ ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ گه‌لی كوردمان له‌ ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان عه‌قلیه‌تی خۆسه‌پێنه‌ر و شه‌ڕی براكوژی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌. له‌كاتێكیشدا ئه‌و شه‌ڕه‌ كه ‌له‌لایه‌ن دژبه‌رانی كورده‌وه‌ پلانڕێژی بۆ كراوه‌، ته‌واوكاری پلانی داگیركردنی كه‌ركووك، عه‌فرین، سه‌رێ كانیێ و گرێ سپییه‌. ئێمه‌ له‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكار له‌ یه‌كێتی گشتی له‌كاتێكدا ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ كاروباری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پارچه‌كه‌ی خۆی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، به‌ر له‌ هه‌موو شتێكیش داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین گرنگی به‌ پارچه‌ كوردستانییه‌كه‌ی خۆی بدات و خۆی له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی پارچه‌كانی دیكه‌ به‌دوور بگرێت، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ خه‌ڵكی سنوورێكی دیاریكراو داوای هاوكاریی لێ بكات، وه‌ك چۆن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ كۆبانی هاوكاری براكانیان له‌ هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌" كرد و دوای هاوكارییه‌كه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ بكاته‌وه‌، بڕیاری كشانه‌وه‌ی دا، هه‌روه‌ك چۆن عه‌قلیه‌تی په‌كه‌كه‌یی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كات و سه‌روه‌ریی هه‌رێم و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و پشت له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆشی ده‌كات، له‌كاتێكدا رووبه‌ری كوردستانی توركیا چه‌ندجاره‌ی رووبه‌ری پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی به‌ 25 ملیۆن كورد مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تیی پارتی كرێكارانی كوردستان گیانی برایه‌تیی كوردستان به‌هێز بكات و ده‌ست له‌و عه‌قلیه‌ته‌ ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ هه‌ڵگرێت كه‌ دژی برایه‌تییه‌ و ده‌ست له‌و كێشه‌ و فیتنانه‌ش هه‌ڵگرێت‌ كه‌ له‌ زیاتر له‌ پارچه‌یه‌ك خولقاندوویه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر پارچه‌ كوردستانییه‌كه‌ی بدزێته‌وه‌.

به‌هه‌موو شێوه‌یێک له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراقین

نه‌خێر بۆ جه‌نگی دژ به‌ هه‌رێم

نه‌خێر بۆ ده‌ستوه‌ردانی هیچ لایه‌نێك له‌ كاروباری ئه‌وانی دیكه‌

نووسینگه‌ی جێبه‌جێكار

یه‌كێتیی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا

News Code 210737

Your Comment

You are replying to: .
captcha