کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەمە 5ی نۆڤێمبێری 2020 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی واژۆ کرد و لە بەیاننامەیێکدا ئاماژەی بەوەش کرد: کۆمەڵێ رەخنە و تیبینی لەسەر ئەم یاسایه هەن و بێگومان دڵخوازی هەمووان نییە، بهڵام سهرهتایێکی گرنگە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و دهستهبهرکردنی بهشداریی راستگۆیانهی خهڵک له پرۆسهی سیاسیدا.
بەرهەم ساڵح ئەوەشی زیاد کرد: ئێستاش دوای پهسهندکردنی ئهم یاسایە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراهەم بکەن، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری، و دەستبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ چاودێری و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و رێگرتن لە یاریکردن بە دەنگی خەڵک.
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: لێرەشەوە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی ھەڵبژاردن و کۆی کۆمەڵگەش بەگشتی چالاک و وشیار بن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا رێگهنهدهن دهنگی راستهقینهی هاووڵاتیان بدزرێت.
یاساکە پێشتر لەسەر چەند بڕگەیێک جیاوازیی لەنێوان کوتلە سیاسیەکاندا دروستکردبو بەڵام دواجار هێزە سیاسیەکان توانیان بگەنە رێککەوتن و لەسەر ئەو بڕگانەش گەیشتنە لێکتێگەیشتن کە ناکۆکى زەقى لەسەر بو، ئەمڕۆش دوایەمین رێکارى یاسایی خۆى تەواو کرد کە واژۆکردنیەتى لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە.
بازنەکانى هەڵبژاردن ئاڵۆزترین بڕگەى یاسا نوێى هەڵبژاردن بو کە بوەهۆى دروستکردنى ناکۆکی لەنێوان کوتلە سیاسیەکاندا و لە ئێستاشدا چاودێران پێیانوایە بازنەکانى هەڵبژاردن لە سودى هێز و لایەنە باڵادەستەکانە و لە زیانى هێزەکانى دیکەیە.
بەپێى یاسا نوێکە، عێراق بۆ (83) بازنەى هەڵبژاردن دابەشدەکرێت و هەر بازنەیەک ژمارەى کاندیدەکانى لە نێوان (3 بۆ 5) کورسى دەبێت بە لەبەرچاوگرتنى کۆتاى ژنان.
Your Comment