ڕۆژی شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2020، بە ئامادەبوونى نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندى هەردوو حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى باڵاى رۆحانى ئێزدیى رێوڕەسمێک بۆ هەڵدانەوەى گۆڕى "دایکەکان" لە قەزاى شەنگال بەڕێوە چوو کە یەکەم گۆڕى ژنانى ئێزدییە و چاوەڕوان دەکرێت نزیکەى 80 روفاتى تێدابێت.
بڕیارە لە سبەینێ یەکشەممەوە لەلایەن تیمێکى 40 کەسییەوە، دەستبکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە کە بەپێی زانیارییەکان زۆرینەى ئەو ژنانەى کوژراون و لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا نێژراون، تەمەنیان لە سەرو 40 ساڵەوەیە و خەڵکی گوندی کۆجۆن.
هەڵدانەوەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لەکاتێکدایە لە ساڵی (2014)ـەو لە ئەنجامى هێرش و پەلامارى داعش بۆ سەر شنگال، جگە لەوەى دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی شارەکەش ئاوارەبون، بەشێکی خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران و تائێستا لە شنگال 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون، مانگی کانونی یەکەمی ساڵی (2019) بە هەمان شێوە روفاتی 235 کوردی ئێزدی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندران و رەوانەی بەغدا کران.
بەپێى زانیاریەکان؛ ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەو روفاتانە لە بەغدا تەواو بوە، بەڵام بەهۆی پەتاى کۆرۆناوە تائێستا نەدراونەتەوە بە کەسوکاریان.
سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان
Your Comment