گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژنانی ئێزدی لە شەنگال هەڵدرایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گۆڕێکى بە کۆمەڵى ئێزدییەکان لە گوندى کۆجۆ هەڵدەدرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت روفاتى نزیکەى 80 ژنى ئێزدیى تێدابێت کە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراون.

ڕۆژی شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2020، بە ئامادەبوونى نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندى هەردوو حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى باڵاى رۆحانى ئێزدیى رێوڕەسمێک بۆ هەڵدانەوەى گۆڕى "دایکەکان" لە قەزاى شەنگال بەڕێوە چوو کە یەکەم گۆڕى ژنانى ئێزدییە و چاوەڕوان دەکرێت نزیکەى 80 روفاتى تێدابێت.

بڕیارە لە سبەینێ یەکشەممەوە لەلایەن تیمێکى 40 کەسییەوە، دەستبکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە کە بەپێی زانیارییەکان زۆرینەى ئەو ژنانەى کوژراون و لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا نێژراون، تەمەنیان لە سەرو 40 ساڵەوەیە و خەڵکی گوندی کۆجۆن.

هەڵدانەوەى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لەکاتێکدایە لە ساڵی (2014)ـەو لە ئەنجامى هێرش و پەلامارى داعش بۆ سەر شنگال، جگە لەوەى دەیان هەزار کەس لە دانیشتوانی شارەکەش ئاوارەبون، بەشێکی خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران و تائێستا لە شنگال 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دەستنیشان کراون، مانگی کانونی یەکەمی ساڵی (2019) بە هەمان شێوە روفاتی 235 کوردی ئێزدی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندران و رەوانەی بەغدا کران.

بەپێى زانیاریەکان؛ ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەو روفاتانە لە بەغدا تەواو بوە، بەڵام بەهۆی پەتاى کۆرۆناوە تائێستا نەدراونەتەوە بە کەسوکاریان.

سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان

News Code 210561

Your Comment

You are replying to: .
captcha