«حسێن مەستۆ» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی و ڕایگەیاند: پڕۆسەی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان زۆر بە خاوی دەچێتە پێشەوە و هێشتا لایەنەکان هەنگاوی کردارییان لەبارەی پرسە گرینگەکان لەوان سەربازی و ئەمنی و ئابووری و کارگێڕی هەڵنەگرتووە.
ناوبراو درێژەی دا: کێشەی خاو بوونی پڕۆسەی دانوستانەکان لە ئەستۆی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد (PYNK)یە کە هاوپەیمانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)ن؛ نەک ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS). چوونکە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد مەیلی جیدی هەیە بۆ بە ئەنجام گەیشتنی گفتوگۆکان.
حسێن مەستۆ زیاتر وتی: هیوادارین گفتوگۆکان بگەن بە ئەنجام تا دۆخەکە لە کوردستانی سووریا ئاسایی بێتەوە و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ژیانی ڕۆژانەی خۆیان.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئەگەری هێرشی دووبارەی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا لە چ ئاستێکدایە وتی: تا ئەو کاتەی یەکێک لە دوو زلێزی ئەمەریکا و ڕووسیا گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵ نەکەن، ئەو وڵاتە بۆ نییە هێرش بکاتەوە سە رکوردستانی سووریا.
ناوبراو پێشتر لەبارەی نزیک بوونەوەی دوو ڕەوتە کوردیەکە و ڕاگەیاندنی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە قۆناخی دووهەمی دانوستانەکاندا بە کوردپرێسی وت : سەردانەکەی جێمز جێفری بۆ کوردستانی سووریا پێکهێنانی مەرجەعی باڵای کوردی لێکەوتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment