کوردپرێس:
حەسەن شێخۆ سیاسەتوانی کۆنەکار و ڕەخنەگری کوردستانی سووریا کە هاوکات سەرۆکی تەڤگەری کوردایەتی (T.K.S)ە لە سووریا دیمانەیێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا ئاماژەی بە داهاتووی دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (PYNK) کردووە و دەڵێت: ئەم دیالۆگانە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی کورد و بە نیازی خێرخوازانە بۆ ئایندەی کوردی سووریا ئەنجام نەدراوە.
حەسەن شێخۆ گوتیشی: چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستاش و داهاتووشی لەگەڵ بێت هیچ ئەساسێک لە دانوستانەکانی ئەواندا نیە و هەر دوو لایەن بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ڕای گشتیی کورد لێک نزیک بوونەتەوە بەو هیوایەی بتوانن بەم سیاسەتە بۆ دانوستانی زیاتر گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی ناوەندی و لایەنی موعارەزە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەنەکەسە و پەیەدە هیچیان ناتوانن هیچ سەقامگیرییێکی سیاسی بە خەڵات بۆ کورد بهێنن و ئەو دوو لایەنە لە قەندیل و هەولێرەوە بڕیاریان بۆ دەردەکرێت. ئەگەر گفتوگۆیێک هەبێت دەبێت سەرەتا قەندیل و هەولێر بگەنە ڕێککەوتن. هەر بۆیەش هیچ هیوایێک بە گفتوگۆی نێوان ئەو دوو لایەنە بەدی ناکرێت چوونکە لە دانوستانەکانیاندا بەرژەوەندیی کوردیان نەکردۆتە ئەساس.
سەرۆکی تەڤگەری کوردایەتی لە کوردستانی سووریا بە کوردپرێسیشی وت: یەک ساڵ بە سەر دەستپێکی دانوستانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە دەستپێشخەری و گوشاری ئەمریکا تێدەپەڕێت بەڵام گفتوگۆکان هیچ هەنگاوێکی کردارییان لێنەکەوتۆتەوە.
حەسەن شێخۆ ئاشکراشی کرد ئەو ڕەوتانە هیچیان داڵغەی گەلیان نیە و هەر وەک پێشتر نەگەشتوونەتە ئەنجامێکی ڕوون ئەمڕۆکەش هەمان کەسایەتییەکانن و ناگەنە هیچ ئەنجامێک. ئێستا ماوەی نۆ ساڵە کە کوردستان سووریا دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. 50 لە سەدی خاکی کوردستانی سووریا تەسلیمی تورکیا کراوە و دۆخی ئابووری هاووڵاتییانیان گەیاندۆتە خوارترین ئاست. ئەم ڕەوتانە پەرۆشی ژیانی هاووڵاتییان نین.
ئەو سیاسەتوانە ڕەخنەگرە کوردەی سووریا لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد: هاووڵاتییان فێری ڕەخنە و گەیاندنی داواکارییەکانیان نەبوون و تەنها فێری دەستەواژەی "هیوا" و "چەپڵەلێدان" بۆ ئەم لایەنانە بوون. تا ئەو کاتەی هاووڵاتییان ڕژد نەبن لە گەیاندنی داواکارییەکانیان ئەم دوو لایەنەش بە خۆیاندا نایەنەوە و داواکاریی هاووڵاتییان ناکەن بە بنەما و ئەساسی کاری خۆیان.
Your Comment