کوردستانی سووریا خاوەنی سێ زانکۆیە/ زمانی خوێندن لە قوتابخانەکانی کۆبانێ لە سەرەتایییەوە تا زانکۆ بە کوردییە

بەشی سووریا- بریکاری هاوسەرۆکایەتیی زانکۆی کۆبانێ ڕایگەیاند سەرجەم ئاخێوەرەکانی کوردستانی سووریا مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیان هەیە و ڕەچاوکردنی مافی فەرهەنگیی پێکهاتەکان پارێزراوە.

کوردپرێس:

شروان موسلیم بریکاری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ لە لێدوانێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی دایەوە و لەبارەی شێوەی خوێندن و کەرتی پەروەردە لە کوردستانی سووریا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: کوردەکان لە سووریا خاوەنی مێژوو و شارستانیەتی کۆن و ڕەسەنن و بوونی کورد بوونێکی مێژوویییە و ئێمەش لە سەرەتاوە خۆمان بۆ ئەم ڕووداوانە ئامادە کردووە.

بریکاری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ زیادیشی کرد: ستراتێژیی ئێمە لەو شۆڕشانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداوە سیاسەتێکی جیاواز لە سیاسەتی ئوپۆزسیۆنەکانی تر بوو و ئێمە بژاردەی سێهەممان هەڵبژارد.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە بۆ مافی خەڵک و چەسپاندنی داواکارییەکانیان شۆڕشمان کرد. هەمووان شارەزان کە ڕاپەڕینی ناوخۆیی یەک لە گرینگترین فاکتەرەکانی هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکە و هەر لە سەر ئەم بنەمایەش نوێبوونەوە لە زمان و فەرهەنگی کوردستانی سووریا ڕووی داوە.

شروان موسلیم ئاشکراشی کرد: ئێمە بە ڕێکخستنی ئیداری و سیاسی دەستمان بە کار کرد و پاشان دەستمان بە ڕێکخستنی کەرتی پەروەردەش گەیشت و ئەمڕۆکە بە شێوەی فەرمی سیستەمی ئیدارەی خۆسەر ڕاگەیێندراوە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە کەس لە پڕۆسەی خوێندن بێ بەش نەبێت و بنەمای بارهێنان و پەروەردە لە سەر سیستەمی سەردەمی بەس پەیڕەو نەکرێت.

بریکاری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ ڕوونیشی کردەوە: سیستەمی پەروەردە لە کوردستانی سووریا بەگوێرەی هەلومەرجی فەرهەنگی و لە سەر بنەمای ناسنامەی ناوچەکە داڕێژراوە. مافی زمانەکانی ئەو ناوچەیە پارێزراوە و بە هەموو زمانەکان خوێندن دەکرێت و لەو ناوچانەی کە کورد و عەرەب و ئاشووری دەژین مافی خوێندن و نووسین بە زمانی هەموو ئەو پێکهاتانە پارێزراوە.

شروان موسلیم لەبارەی فەرمی بوونی زمانەکان لە کانتۆنە جیاجیاکانی کوردستانی سووریا بە کوردپرێسی وت: لە ناوچەی جزیرە زمانی عەرەبی و سریانی دوو زمانی سەرەکین. لە کۆبانێ زمانی کوردی یەک لە زمانە سەرەکییەکانە و لە ناوچە عەرەبنشینەکانیش زمانی عەرەبی زمانی سەرەکییە و لە ناوچە هاوبەشەکانیش ئەرکی قوتابییەکانە کە زمانەکانی تر فێر ببن.

ناوبراو بیریشی هێنایەوە کە ناوەرۆکی وانەکان لە سەردەمی بەعسەوە بەجێ مابوو و لە بەر ئەوەی بیر و بڕوای هەڵە و مێژووی ساختەی تێدا بوو شیاوی وتنەوە لە قوتابخانەکان نەبوون و چەند لیژنەیێک بۆ ئامادەکردنی وانەی تازە پێکهێنرا و ئێستا وانەی تازە بە قوتابییان دەوترێتەوە.

شروان موسلیم ڕوونیشی کردەوە کە لە کۆبانێ و لە قوتابخانەکان هەر داوێنگەوە بگرە هەتا ئاستی زانکۆ، زمانی کوردی بەکار دەهێنرێت و لە دیکەی ناوچەکانیش هەمان وانە بە سێ زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی دەوترێتەوە.

بریکاری هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ لە کۆتاییدا ئەوەشی بە کوردپرێس وت: لە کوردستانی سووریا چەندین پەیمانگای هونەری و سێ زانکۆ هەن. زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ زانکۆی کۆبانێ و زانکۆی عەفرین سێ زانکۆی گرینگی کوردستانی سووریان و لە ئێستا کە عەفرین داگیر کراوە ئەو زانکۆیە ناوی نراوە زانکۆی شەهبا. لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئامادە کردنی زانکۆی شیمالین لە ڕەقە. لە هەموو زانکۆکانیش بەشی پزیشکی و تەکنیکی و کۆمەڵایەتی بەردەوامن و خوێندکاران پاش مسۆگەرکردنی نمرەی دەرچوونیان دەست بەخوێندنەکان دەکەن.

News Code 210461

Your Comment

You are replying to: .
captcha