تورکیا پیاوی ئەمریکایە/ داگیرکرانی سەرێکانی و گرێسپی پیلانی نێودەوڵەتی بوو

بەشی سووریا- وتەبێژی هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت: ئەمریکا بە یارمەتیی تورکیا خەریکی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە.

کوردپرێس:

حەسەن قاسم وتەبێژی هێزە مەدەنییەکانی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ساڵوەگەڕی داگیرکارییەکەی تورکیا لە سەرێکانی و گرێسپی کرد و گوتی: پێویستە ئەو داگیرکارییەی تورکیا لە دوو ڕوانگەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت: یەکەم دەبێت بڵێین داگیرکرانی سەرێکانی و گرێسپی پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو کە بەشێکی لە دانوستانەکەی ئەستانە و بە دەورگێڕیی تورکیا هاتە ئاراوە. ڕووانگەی دووهەم ئەوەیە بە بیانووی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان و دامەزراندنی ناوچەیێکی ئارام و داماڵراو لە چەک لە سنوورەکانی تورکیا ئەو داگیرکارییە کرا کە ئەوەش هەر بە پیلانێکی پێشتر داڕێژراو بوو.

حەسەن قاسم زیادی کرد: ئامانجی تورکیا لەو بیانووە گۆڕینی دیموگرافیای باکووری سووریا و نیشتەجێ کردنی عەرەب و تورکمانە کۆچەرەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوودا سیاسەتەکانی خۆی بسەپێنێت.

ناوبراو گوتیشی: تورکیا نایهەوێت کوردەکان دەستیان بە ئیدارەی ناوچەکەی خۆیان بگات و بەو بۆنەیەشەوە نیازیەتی پێکهاتەی حەشیمەتی ناوچەکە بە زیانی کورد بگۆڕێت.

وتەبێژی هێزی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: تورکیا بە بیانووی هەبوونی پەکەکە و پێوەندیی پەکەکە لەگەڵ پەیەدە لە باکووری سووریا پەیڕەوی سیاسەت و پیلانی خۆی بۆ درێژخایەن دەکات.

ناوبراو پێیشی وایە کە تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکان و ئەمریکا لە ناوچەکە موتابەعەی ئامانجی دوورخایەنی خۆی دەکات کە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و دابەش کردنی ناوچەکەیە. تورکیاش لەم پڕۆژەیەدا وەک هێزی پیادەی ئەمریکا دەور دەبینێت و لە باکووری ئەفریقا تا یۆنان و قەرەباغ خەریکی گێچەڵسەرییە ئەوەش لە چوارچێوەی پلانەکەی ئەمریکا.

حەسەن قاسم لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە ئەوان وەک کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی سووریا پێکهاتەیێکن کە لە بیرمەندان و مامۆستایان زانکۆ و مافناسان و یاساناسانی کوردستانی سووریا پێکهاتوون و داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەن کە بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر جووڵە و ڕەفتاری تورکیا. داواشیان کردووە ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد بکرێت و پەنابەران بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها داواشیان لە دامەزراوە یاسایی و مافپارێزەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە هەموو توانای خۆیان بۆ چارەسەری مەسەلەی سووریا و ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بەکار بهێنن.

News Code 210379

Your Comment

You are replying to: .
captcha