پەکەکە واز لە کوردستانی سووریا بهێنێت/ ئێستا زیاتر لە ڕابردوو مەترسیی هێرشی تورکیا لە ئارادایە

بەشی سووریا- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە ئەوان پێیان باشە پەکەکە واز لە کوردستانی سووریا بهێنێت و بیانوو نەخاتە بەردەست تورکیا.

کوردپرێس:

فواد عەلیکۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکیدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ساڵوەگەڕی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی کرد و ڕایگەیاند: ئازادیی سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین بەستراوە بە چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر لە هەموو سووریا چوونکە ئێستاش ئەمریکا و ڕووسیا لە ژنێڤ نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەو دوو لایەنە نەک هەر ڕێک نەکەوتوون بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێک دوورتر دەکەونەوە.

ناوبراو درێژەی پێدا: لە ئێستادا مەترسییەکان هەڕەشە لە کۆبانێ و ناوچەکانی تریش دەکەن و بیانووەکەش تەنها هەبوونی پەکەکەیە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ی وت: داواتان لێدەکەین دەستبەرداری کوردستانی سووریا بن و بیانوو مەدەن بە دەست تورکیاوە.

فواد عەلیکۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد: ئەوەی بە کرداری دەبینرێت شتێکی باش نیە. پلان و فستیڤاڵگەلێک لە کۆبانێ و جزیرە لە لایەن پەیەدەوە بەڕێوە دەچێت و بە وێنەی عەبدوڵا ئوجەلانەوە دەبینرێن و ئەم سیاسەتەش ئەو مانایە بە تورکیا دەگەیەنێت کە ئێمەی پەکەکە لێرەین.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) بیریشی هێنایەوە کە تورکیا دووهەم هێزی زەمینیی بەهێزی ناتۆیە و بە هیچ شێوەیێک توانای بەرگری کردن لە بەرانبەر ئەو هێزەدا نیە و ئەو مەترسییەش لە ئارادایە کە ئەگەر بێتوو ڕووسیا و ئەمریکا گڵۆپی سەوز هەڵکەن جارێکی دیکە تورکیا چەندین شاری تر وەک عەفرین و سەرێکانی و کۆبانێ داگیر بکات.

News Code 210378

Your Comment

You are replying to: .
captcha