کوردپرێس:
فواد عەلیکۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکیدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ساڵوەگەڕی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی کرد و ڕایگەیاند: ئازادیی سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین بەستراوە بە چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر لە هەموو سووریا چوونکە ئێستاش ئەمریکا و ڕووسیا لە ژنێڤ نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەو دوو لایەنە نەک هەر ڕێک نەکەوتوون بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێک دوورتر دەکەونەوە.
ناوبراو درێژەی پێدا: لە ئێستادا مەترسییەکان هەڕەشە لە کۆبانێ و ناوچەکانی تریش دەکەن و بیانووەکەش تەنها هەبوونی پەکەکەیە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ی وت: داواتان لێدەکەین دەستبەرداری کوردستانی سووریا بن و بیانوو مەدەن بە دەست تورکیاوە.
فواد عەلیکۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد: ئەوەی بە کرداری دەبینرێت شتێکی باش نیە. پلان و فستیڤاڵگەلێک لە کۆبانێ و جزیرە لە لایەن پەیەدەوە بەڕێوە دەچێت و بە وێنەی عەبدوڵا ئوجەلانەوە دەبینرێن و ئەم سیاسەتەش ئەو مانایە بە تورکیا دەگەیەنێت کە ئێمەی پەکەکە لێرەین.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) بیریشی هێنایەوە کە تورکیا دووهەم هێزی زەمینیی بەهێزی ناتۆیە و بە هیچ شێوەیێک توانای بەرگری کردن لە بەرانبەر ئەو هێزەدا نیە و ئەو مەترسییەش لە ئارادایە کە ئەگەر بێتوو ڕووسیا و ئەمریکا گڵۆپی سەوز هەڵکەن جارێکی دیکە تورکیا چەندین شاری تر وەک عەفرین و سەرێکانی و کۆبانێ داگیر بکات.
Your Comment