ئەمریکا لەبارەی هێرشی دوبارەی سەربازی بۆ سەر کوردی سووریا هۆشداری بە تورکیا دەدات

بەشی جیهان- دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیێکدا کە بۆ سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکای ناردووە لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی تازە بۆ سەر کوردەکانی سووریا ئاوی گوێی تورکیای داوە.

کوردپرێس:

دۆناڵد ترەمپی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەی کوردنشینی سووریا کە ساڵی 2019 ئەنجام درا نامەیێکی فەرمیی بۆ نانسی پڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: دەستوەردانی سەربازیی تورکیا کارتێکەر بووە لە کامپێنی شەڕی دژبە داعش لە عێراق و سووریا و زیاتر لەوەش ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەپێکێت.

ترەمپ لە نامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە فەرمانەکەی ڕۆژی 14ی ئەکتەوبری ناوبراو کە لەبارەی کەشی سووریا دەرکرابوو و ئێستا کاتەکەی ڕوو لە تەواوبوونە ئێستاش ڕەوایە و ناوەرۆکەکەی جێبەجێ دەکرێت.

ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ نانسی پڵۆسی نووسیویەتی جووڵەکانی تورکیا لەبارەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر باکووری خۆرهەڵاتی سووریا نەک هەر ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ گیانی هاووڵاتییانی مەدەنیش و و کامپێنی شەڕی دژبە داعشیش دەپێکێت.

سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی ئەوەشی داوە هێرشی سەربازیی دوبارەی تورکیا ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەخاتە مەترسییەوە.

ترەمپ جەختیشی کردۆتەوە کە بڕیاری داوە دۆخی نائاساییی ڕاگەیێندراو کە بە گوێرەی فەرمانی ژمارە 13894ی ناوبراو ڕاگەیێندراوە لە سووریا بەردەوام بێت.

شایانی باسە تورکیا لە مانگی ئەکتەوبری 2019 و پاش ئەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا کشانەوە هێرشی سەربازیی قورسی کردە سەر ناوچەکە و چەندین بەشی ناوچەکە لەوان سەرێکانی و گرێ سپیی لە کورد داگیر کرد کە هاوپەیمانی هێزە ئەمریکییەکانن.

ئەردۆغان ئەم هەفتەیە هۆشداریی ئەوەی دابوو کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە هێرشێکی سەربازیی دیکە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات.

News Code 210357

Your Comment

You are replying to: .
captcha