پشتیوانی لە په‌یامه‌که‌ی پلاسخارت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌که‌ین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیوانیی حزبه‌که‌ی بۆ په‌یامه‌که‌ی جینین پلاسخارت نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌باره‌ی دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌رده‌بڕێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له ‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک نووسیویه‌تی: "ئه‌مڕۆ له‌ شاری سلێمانی پێشوازیمان کرد له‌ جینین هێنیس پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق، له‌ دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد ده‌رباره‌ی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییه‌ سیاسی و ئابورییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پرسی چاکسازی و یه‌کخستنی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌".

لاهور شێخ جه‌نگی جه‌ختی کرده‌وه‌، له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌کانی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی که‌ بوونه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، وتیشی: سوپاسی ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانمان کرد و پشتیوانیی خۆمان ده‌ربڕی بۆ په‌یامه‌ ڕاشکاوه‌که‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی جینین هێنیس پلاسخارت که‌ له‌ پێناو گه‌شه‌ کردنی دیموکراسی و هه‌رێمی کوردستانێکی به‌هێز و هێنانه‌کایه‌ی سه‌قامگیری سیاسی و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ستی خسته‌ سه‌ر کێشه‌کان و داوای نه‌هێشتنی ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان و یه‌کڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌کانی کرد، ئه‌وه‌ی پلاسخارت داوای ده‌کات هه‌مان داواکاریی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانه‌.

هاوسه‌رۆکی یه‌کێتی ئه‌وه‌شی روونکرده‌وه‌: باسمان له‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی فیدڕاڵی کرد و پێویستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و پابه‌ندبوونی هه‌ردوولامان به‌ ڕێککه‌وتنه‌ ئیمزاکراوه‌کانی نێوانیان دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خواستی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان دووپات کرده‌وه‌ بۆ پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی چاکسازیی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕه‌چاو کردنی بنه‌مای هاوسه‌نگی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که‌.

لاهوور شێخ جه‌نگی ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، "هاوڕابووین له‌سه‌ر کارکردنی هه‌موو لایه‌نه‌کان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو له‌ واده‌ی خۆیدا له‌ ژێر چاودێری کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌یێکی پاک و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌ بچێت و ببێته‌ نمونه‌یێک بۆ سه‌رکه‌وتنی دیموکراسی له‌ وڵاتدا و داهاتوویێکی باشتر و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتییان لێبکه‌وێته‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2096

Your Comment

You are replying to: .
captcha