کوردپرێس:
محەمەد شەریف، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک نەیویستووە هیچ ستاتۆیێک هەبێت بەناوی کوردەوە، بۆ نموونە دەڵێن بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیێکمان کرد و بۆ کوردستانی سووریا دووبارەی ناکەینەوە، دەوڵەتی فاشیستی تورک بەم داگیرکارییانە دەیەوێت خەون و خەیاڵی میساقی میلـلی پێکبهێنێت".
باسی لەوەش کردووە، "هەروەها بە ئاشكرا دەڵێن، کەرکووک – موسڵ هی ئێمەیە، ئەمانەش نوێ نییە و لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە بەردەوامن، ئامانجیشیان قڕکردنی گەلی کوردە، لە کاتی ڕیفراندۆمیشدا ڕون بو، کە دەوڵەتی تورک، ئێران، سوریا و عێراق دژی کورد بون بەیەک".
نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، " هەمووان وەک خۆی دەبێت داگیرکارییەکان ببینن بانگەوازی سەرەکیمان بۆ مەسعوود بارزانییە، نەک وەک ئەوەی کە سەرۆکی پەدەکەیە، بەڵکوو لەبەرئەوەی کە لە تەمەنێکی بچووکەوە لەناو شۆڕشی کوردستاندایە، ئەمڕۆش بەم تەمەنەی خۆیەوە وەک ڕیش سپییێکی کوردە، لەلایێکی دیکەوە بەهۆی ئاشنابوونی لە جیهانی نێودەوڵەتیدا گەلی کورد دەیانەوێت ڕۆڵی خۆی ببینێت و بانگ لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بکات بۆ یەکڕیزی و یەکێتیی نەتەوەییی کورد و خۆشی ڕێبەڕێتیی بکات".
ئاماژەیان بەوەش کردوە، "پەیامی دوەمیان بۆ پارت و ڕێکخستن و کەسایەتییەکانە، کە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەک خۆی ببینن، چوونکە خاک و وڵاتمان داگیر دەکرێت و کچان و کوڕانمان شەهید دەکرێن، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد بە توندی دژی داگیرکاری بوەستینەوە و شەرمەزاری بکەین".
Your Comment