یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا کەم دەکاتەوە

بەشی تورکیا- پەرلەمانی ئەورووپا ئەو راپۆرتەی پەسند کرد کە داوای راگرتنی دانووستاندنەکانی ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانی ئەورووپا ئەو راپۆرتە رەخنەئامێزەی خستە دەنگدانەوە کە لەلایەن ناچۆ سانجێز ئیمۆر پەرلەمانتاری ئیسپانی لەبارەی تورکیا ئامادەکرابوو و تێیدا داوای راگرتنی دانووستاندنەکانی ئەندام بوونی تورکیای لە یەکێتیی ئەورووپا دەکرد.

راپۆرتەکە بە 480 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 64 دەنگی نەخێر پەسندکرا و 150 پەرلەمانتاریش لە دەنگدانەکە بێلایەن بوون و دەنگیان نەدا.

لەو راپۆرتەدا، کە پەرلەمانی ئەورووپا پەسندی کردووە، لە بوارەکانی مافە بنەڕەتییەکان، دیموکراسی، سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤدا رەخنەی تووند لە تورکیا گیراوە و داواکراوە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە 1915 وەک جینۆساید بناسێندرێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "لە ناخەوە دڵگرانین بەو شێوازە زۆردارییەی بەڕێوەبردنی وڵات، بابەتەکانی پەیوەست بە کورد و عەلەوییەکان، ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی ئاشییانە و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان، گردبوونەوەکانی ناڕەزایی، بەشێوەیێکی بێبەزەییانە و بەمەبەست وەک سیاسەتێکی نیشتمانی پیادە دەکرێت".

لە بارەی دۆسیەی کوژرانی تاهیر ئەلچی، سەرۆکی پێشووی بارۆی ئامەد کە 3 پۆلس دادگایی دەکرێن، ئاماژە بەوە دراوە پێویستە پرۆسەی دادگایی کردنەکە بەشێوەیێکی بێلایەنانە بەڕێوەبچێت و تاوانباران سزا بدرێن.

لە راپۆرتەکەدا بۆ یەکەمینجار "گورگەبۆرەکان" کە رێکخراوی لاوانی سەر بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپەن وەک رێکخراوێک ناسێنراوە کە لێکەوتەی تیرۆری لێدەکەوێتەوە.

راپۆرتەکە رێکخراوی "گورگە بۆرەکان" وەک رێکخراوێکی "نەژادپەرست و راستڕەوی تووندئاژۆ" دەناسێنێت و ئاماژە بەوەدراوە، ئەو رێکخراوە نەک تەنیا لە تورکیا بەڵکوو لەو وڵاتانەش کە ئەندامن لە یەکێتی ئەورووپا بەشێوەیەک پێشدەکەوێت، کە مایەی نیگەرانییە و پێشنیازکرابوو رێکخراوی "گورگە بۆرەکان" بخرێتە لیستی رێکخراوەکانی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپا و قەدەخە بکرێت و دەست بە لێکۆڵینەوە لەبارەی رێکخراوەکە بکرێت.

هەروەها ئاماژە بەوەدرابوو، رێکخراوی گورگە بۆرەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر کورد و ئەرمەن و یۆنانییەکان و هەر کەسێک کە بە ئۆپۆزسیۆنی دەزانن و پێویستە بەر لە کاریگەرییان بگیرێ.

یەکەمین هەنگاو لەو بارەیەوە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2020 لەلایەن حکوومەتی فەرەنسا نرا، کە بە بڕیارنامەیێک بە پاساوی ئەو هێرش و چالاکییانەی لە فەرەنسا ئەنجامیان داوە رێکخراوی گورگە بۆرەکانی قەدەخ کرد کە هیچ پێگەیەکی یاساییان لە فەرەنسادا نەبوو. لە دوای فەرەنسا هەوڵێکی هاوشێوە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاش بووە رۆژەڤ.

هەرچەندە لیستی رێکخراوەکانی تیرۆری یەکێتی ئەورووپا لەلایەن سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکانی یەکێتی ئەورووپاوە دەستنیشان دەکرێ، بەڵام بۆ یەکەمینجار بەکارهێنانی دەستەواژەی تیرۆر بۆ رێکخراوی گورگە بۆرەکان لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپا پێشهاتێکی گرنکە و گفتوگۆیێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەورووپادا دەکاتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بڵاو کردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا دەدات، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەورووپا وەک پێشنیاز خستوویەتییە بەردەم یەکێتیی ئەورووپا بەهیچ شێوەیێک جێگەی قبووڵ کردن نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2072

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha