کوردپرێس:
لەكۆنفرانسی زانكۆی كوردستان-هەولێر، تایبەت بەیەكڕیزی و دەستوور، كە ئەمڕۆ 2021/5/19 بەڕێوەچوو، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەشداریی لەپانێلێكدا كردو تیایدا تیشكی خستەسەر هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ نووسینی رەشنووسی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: ئێمە هەنگاوی یەكەممان دەستپێكرد بۆ نووسینی دەستوور، وەكو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەردانی سەرجەم حزبە سیاسییەكانمان كرد، هەموو ئەوانەی كە لەدەسەڵاتن و ئەوانەی لەئۆپۆزسیۆنن و ئەوانەی كەئامادەبوون پێشوازیمان لێبكەن، سەردانی حزبەكانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانمان كرد، بەرنامەیەكیشمان دانابوو كە هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی بەشدارییان لەهەڵبژاردن كردووەو نەیانتوانیوە ببن بەخاوەنی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان كۆیان بكەینەوە، بەڵام ئیتر كۆڕۆنا نەیهێشت.
راشیگەیاند: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیی ئێمە بوو هیچ حزبێكی سیاسی لەوانەی كە ئێمە سەردانمان كردن، لارییان لەسەر ئەوە نەبوو كە دەستوور زەروورە، دەبێت دەستوورمان هەبێت، بەدیاریكراوی لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت هەوڵەكان نوێبكەینەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كاتەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە داوایان لێكردووە وەك لایەنی كۆكەرەوە یەكڕیزییەك دروستبكات، بۆئەوەی هەمووان كۆكبن لەسەر دانانی دەستوورێكی گونجاو و وتی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی گەورە ببینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان.
راشیگەیاند:لەبابەتی یەكڕیزیدا بەلای پەرلەمانی كوردستانەوە هاووڵاتی سەنتەرە، دەبێت مافی هاووڵاتی چەقی داواكان بێت، ئازادییە گشتییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی تاكی كوردستان بابەتی یەكڕیزییە، ئەگەر چەقی یەكڕیزیی ئەمانەیە، ئەوا ئەو یەكڕیزییە بەكردەیی زەروورە بۆ دەستوور، ئەگەر نەبوونی یەكڕیزی بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەكانە، یان تێبینیی حزبە سیاسییەكانە لەسەر خۆبەڕێوەبردن، لەسەر فەرمانڕەوایی، لەسەر شێوازی ئیدارەدان لەهەرێمی كوردستان، ئەوە بابەتێكی ترەو نابێ ببێتە تەحدییەك لەبەردەمی دەستووردا، دەبێ دەستوور بكرێ بەمیكانیزم بۆ ڕێككردنەوەی ئەو لاری و خوارو خێچییانە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی: دەبێت دەستوورێكمان هەبێت ئێمە رێككاتەوە لەناو دامەزراوە دەستوورییەكان، پابەندی دابنێ لەسەر دەسەڵاتەكانی ئێمە، بەوەی كەدەستوەردان لەدەسەڵاتەكانی یەكتریدا نەكەین.
راشیگەیاند:ئێمە رێپێدراو نین كەمافی میللەتەكەمان لەبوونە خاوەنی دەستوور رەتبكەینەوە، میللەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە دەستووری هەبێت، دەبوو دەمێك بوو هەیبووایە.
لەكۆتایی دیبەیتەكەیشدا وتی: هەندێكجار گوێم لەهەندێك لەسیاسییەكان دەبێت كەدەڵێن با دەستوورمان نەبێت، هەلومەرجەكە لەبار نییە، ئەمەش والێكدەدەینەوە كە ئەوان دەیانەوێت ئەو ئازادییەی هەیانە لەهەڵسوكەوتكردن، لەوەی كۆتی لەسەر نییە، لەوەی كەدەستوەردان ئەكەن، لەوەی كەهێزی هەیەو گەندەڵی دەكات، دەیانەوێت شتێك نەبێت رایانبگرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ لایەنەكان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبوونەتەوە لەبارەی پێشنیاری میكانیزمی چۆنیەتیی ئامادەكردن و كارەكانی نووسینەوەی دەستوور.
وتیشی: من پێموایە كەپێویستە یەكەم هەنگاو چارەسەركردنی ئەو خاڵانە بێت كەناكۆكییان لەسەرە لەنێوان لایەنەكان، لەگەڵ یەكلاییكردنەوەی پرسی سنوورو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو بۆ هەنگاوەكانی نووسینەوەی دەستوورو چارەسەری ئاستەنگییەكان پێشنیاز دەكەن زانكۆكان و كەسانی ئەكادیمی لەڕێگەی كۆنفڕانس و چالاكیی ئەكادیمییەوە هاوكاری سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بن و لەپرسی نووسینەوەی دەستووردا پێشنیازەكانیان بخەنەڕوو.
سەبارەت بەپرسی لامەركەزیش، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: ئەوەی كەمن پێم دوا كۆسپە، پرسی لامەركەزییە، ئەوەی كە لەماددەی 122ی دەستووری عیراقیدا هاتووە بۆ بەڕێوەبردنی كاگێڕی و دارایی.
Your Comment