کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 28ی ئەیلوولی 2020 ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە بەیاننامەیێکدا وەڵامی وتەکانی وەلید موعەلیمی دایەوە کە لە وتارەکەی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لێدوانی لە سەر ئیدارە خۆسەرە کوردییەکەی باکووری سووریا دابوو.
ئیدارەی خۆسەری کوردی لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی: لێدوانەکانی وەلید موعەلیم هەوڵدانە بۆ خۆدەربازکردن لە ڕاستییەکانی سەر ئەرزی سووریا و هاوکات ئیلتیزام کردنە بە عەقڵیەتی پێشووی دەوڵەتی سووریا.
شایانی باسە ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی سووریا وتبووی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا هاووڵاتییانی مەدەنی دەستگیر دەکات و ئیرهابی کەسایەتیی عەشیرەکانی دەیرەزوور دەکات.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئەو تۆمەتەشی خستبووە پاڵ ئیدارەی خۆسەر کە ئیدارەکە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کار بە ئاراستەی جیابوونەوە و دزینی نەوتی سووریا دەکات.
لە وەڵامدا ئیدارەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ڕێڤەبەریی خۆسەر لە کوردستانی سووریا نووسیویەتی وتەکانی وەلید موعەلیم بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکییە.
هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش زیاد کراوە کە دەوڵەتی سووریا لە بەرانبەر داعش و دەزگای تیرۆردا پشتی لە هاووڵاتییانی دەیرەزوور و پاش ئەوەی چۆکی دادا و نەیتوانی ئەرکی خۆی بەرانبەر بە هاووڵاتییان ڕاپەڕێنێت ناوچەکەی چۆڵ کرد.
هەر لە بەیاننامەکەدا نووسراوە: ئیدارەی خۆسەری کوردی بەڵگە و دۆکیۆمێنتی پێویستی لایە کە دەیسەلمێنێت دەوڵەتی سووریا دەستی بووە لە پەرەسەندنی نائارامی و ئاژاوە لە ناوچەی دەیرەزوور.
ئیدارەی خۆسەر لەبارەی ئیدعاکانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە سەر مەسەلەی نەوت، نووسیویەتی ئەوەی لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت بۆ خزمەتگوزاری و ئیدارەی کاروباری ناوچەکە خەرج دەکرێت ئەوەش لە کاتێکدا کە دەوڵەتی ناوەند هیچ جۆرە یارمەتی و پشتیوانییێکی ئاراستەی ناوچەکە نەکردووە.
لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا ئەوەش زیاد کراوە کە ئەو کاتەی داعش سامانی سووریای تاڵان دەکرد و بە تورکیا دەفرۆشت دەوڵەتی سووریا هیچ دەنگی لێوە نەدەهات بەڵام ئێستا دەرحەق بە ئێمە سەری سوڕماوە.
Your Comment