کوردپرێس:
وڵاتی چین لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە ناردنی وەفدی سیاسی و پزیشکی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم و عێراق بەهێز بکات. پەیمانگای سیاسەتی ستراتێژیکیی ئوسترالیا لە شیکردنەوەیێکدا لەبارەی سەرنجی تایبەتی وڵاتی چین بۆ هەرێمی کوردستان باسی هاتنی بەلێشاوی کۆمپانیا چینییەکانی بۆ کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو پەیمانگایە کۆمپانیا چینییەکان لە کەرتی نەوت و ژێرخانەکان و بیناسازی و ئەندازیاری و پێوەندییەکان و چیمەنتۆ کار دەکەن و لە کاتێکدا جێبەجێ کردنی پڕۆژە میلیار دۆلارییەکانی هەرێمیان دەست پێکردووە هەوڵ دەدەن گرێبەستی ئاودارتر لەگەڵ هەرێم واژۆ بکەن.
هەروهاش پەیمانگاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوکاریی ئابووری و سەرمایەدانەریی چین لە هەرێمی کوردستان بۆتە هۆی فراوانبوونی پێوەندیی سیاسیی نێوان پکەن و هەولێر بەڵام ئێستاش دەستەبەرکردنی هاوپەیمانییێکی سیاسیی نێوان هەرێمی کوردستان و چین مومکین نیە.
پەیمانگای سیاسەتی ستراتێژیکیی ئوسترالیا جەختیشی کردۆتەوە کە یەک لە ڕوکنە سەرکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆمای چین دژایەتی کردنی جیاییخوازی و پشتگیری کردنی سەروەریی وڵاتانە. هەر بۆیەش پکەن سەرباری ئەو پێوەندییە سیاسییە پتەوەی لەگەڵ هەرێم هەیەتی پشتگیریی هەرێم ناکات بۆ سەربەخۆیی.
پەیمانگا ئوسترالیایییەکە ئیدعای ئەوەشی کردووە کە پشتگیریی چین لە داوای سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان قازانجی زیاتری بۆ ئەو وڵاتە هەیە و تەنانەت دەتوانێت وێڕای ئەوەی هەمەجۆری لە چالاکیی نەوت و گاز دەستەبەر بکات کارتی کوردیش بەکار بهێنێت بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانێک وەک تورکیا لەبارەی پشتگیری کردنی ئیغۆرییەکانی چین. بەو حاڵەشەوە هۆشداریی ئەوەی داوە کە دوور نیە پشتگیری کردنی چین لەسەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پێوەندیی نێوان هەولێر و پکەن ئەگەری مەترسیی گەورە وەک ناسەقامگیربوونی زیاتری ناوچەکەی لێبکەوێتەوە.
ئەو پەیمانگایە لە شرۆڤەی پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و چین ئاماژەی بە سیاسەت و ئامانجی چین لە دەوڵەمەندکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ناوچە جیاجیاکانی جیهان و بەتایبەتی لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کردووە و نووسیویەتی چین لە ڕێگای پڕۆژەی پشتێنی یەکەمی خۆیەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی میحوەرێکی دیپڵۆماسییانەی نوێ داوی قەرزدار کردنی واڵاتان بنێتەوە بۆ ئەوە دەستی بە ئامانجەکانی خۆی بگات و ئەو سیاسەتەش وڵاتانی گەشەنەسەندوو یان وڵاتانی لە حاڵی گەشە دەپێکێت.
لە ڕوانگەی پەیمانگاکەوە ئەگەری ئەوەش هەیە کە چین بە سیاسەتی داوی قەرزدارکردنی وڵاتان، دەسەڵاتێکی ئێجگار زور لە هەرێمی کوردستان و عێراق و بەتایبەتی لە مەسەلەی سەربەخۆییی هەرێم بچەسپێنێت.
پەیمانگای سیاسەتی ستراتێژیکیی ئوسترالیا پێشنیازی ئەوەشی کردووە کە وڵاتانی جۆربەجۆری وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئوسترالیا وتورکیا پێوەندیی شەفافی خۆیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەوڵەمەند بکەن. ئەو وڵاتان پێویستە بە مەبەستی ڕێگری کردن لە پەرەپێدانی سیاسەتی داوی قەرزدارکردن کە چین گرتوویەتیە بەر دامەزراوەی یاساپێوەر و جێبەجێبکار لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن و پشتگیریی دیموکراسیەت و سەروەریی یاسا و شەفافیەت لە ناوچەکە بکەن.
Your Comment