«سێدکی زیلان» مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە سیاسەتی دوو حزبی تازە دامەزراو لەلایەن "ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ" سەرۆک وەزیرانی "عەلی باباجان" وەزیری پێشووی دارایی تورکیا لەبارەی کوردەکانی تورکیاوە بە چ شێوەیێک دەبێت، وتی: هەم داوود ئۆغڵۆ هەم باباجان پێشتر لە ڕیزی سەرۆکانی ئاکپارتی-دا بوون. لە ئێستادا هەردوویان ڕوانگەیێکی ئەرێنییان لەبارەی وانەوتنەوە بە زمانی کوردی لە تورکیا هەیە. ئامانجی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردیش ئەمەیە کە حزبەکانی ئەنقەرە دەرک بە داخوازیی کوردەکان بکەن و هەنگاوی بۆ هەڵبگرن. پرسی کوردستان پزرسێکی زۆر گرینگە و تورکیا بەتەنها بۆ چارەسەر ناکرێت.
ناوبراو درێژەی دا: کوردەکان بەدوای مافی شەرعی و ئازادیی سیاسی خۆیان لە تورکیان و خۆیان سەرقاڵی پرسە بێ ئەنجامەکان ناکەن. بابەتی ماف و وانەوتنەوە بە زمانی دایکی یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی کوردەکانە. پێویستە وانەکانی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بەشێوەی فەرمی بوترێتەوە. ئەوەی کە سیاسەتوانانی تورک باسی وانە وتنەوە بەزمانی کوردی دەکەن بابەتێکی ئەرێنییە بەڵام ئەو بابەتە کاتێک بەکەڵک دێت کە وانە وتنەوە بە زمانی کوردی بەشێوەی فەرمی لە قوتابخانەکانی تورکیا دەست پێبکات.
سێدکی زیلان زیاتر دەڵێت: بۆ ئەم بابەتە هەنگاوی جیدی پێویستە و تەنها قسە کردن بەس نییە. ئەوەی کە میدیاکان چۆن قۆستنەوە لەم بابەتە دەکەن گرینگ نییە چوونکە ئەوان هەم ڕاستییەکان ناخەنە ڕوو؛ گرینگ ئەمەیە کە سیاسەتوانان لە بڕیارەکانیاندا جیدی بن. بەڵام من ناڵێم کە ئەم وتانەی سیاسەتوانان درۆیە یان بۆ فریوی ڕای گشتی دەیڵێن.
مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا ئاشکرای کرد: ژمارەیێک حزب وەکوو حزبی تازەدامەزراوی داوود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان و حزبی سەعادەت و حزبی هاکپار و پارتی دیموکراتیکی گەلان بابەتی باشیان لەبارەی وانەوتنەوەی بەزمانی کوردی ورووژاندووە بەڵام هەموو ئەمانە پێویستیان بە کرداری کردنە. من ماوەیێک پێش لە کۆبوونەوەیێکدا لەگەڵ جەهەپە لەبارەی گرینگایەتیی وانەوتنەوە بەزماین کوردی چەند پرسێکم خستەڕوو و ڕامگەیاند کە پێویستە پارتی کۆماریخواز چەند گۆڕانکارییێک لە خۆیدا بکات. ئەوانیش بابەتەکەیان قبووڵ کرد و وتیان خەریکی ئامادە کردنی ڕاپۆرتێکن لەسەر ئەم پرسە و دەیانەوێت پێشنیار بکەن تا پۆلی چوارەم وانەوتنەوە بەزمانی دایکی ڕەسمی ببێتەوە.
ناوبراو درێژەی دا: هێشتا ئەم ڕاپۆرتە بڵاو نەکراوەتەوە تا ئاگاداری چۆنییەتی بین ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی کردارین.
سێدکی زیلان وەبیری هێنایەوە: پێشتر ئاکپارتی هەنگاوی ئەرێنیی لەمبارەوە هەڵگرتبوو و ناوەند کوردۆلۆژی و کەناڵی تەلەفیزیۆنیی TRTی دووبارە کردەوە و وانەوتنەوەی وانەی کوردیی لە قوتابخانەکاندا دەست پێکردەوە بەڵام ئێستا دۆخەکەیان باش نییە و دوژمنی کردن لەگەڵ پرسی کوردیان دەست پێکردووە.
ئەم مافناسە کوردە ئاماژەی دا بە ئەم بابەتەیش کە حکوومەت بۆ سەرکوتی ڕەوتە سیاسییە کوردییەکان کەڵک لە ناوی پەکەکە وەردەگرێت و وتی: پەکەکە بیانوویێکە بۆ زەبرلێدان لە پرسی کورد. هەرکات ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە بیری کورد دەکەوێتەوە و دەڵێت ئێمە لەگەڵ کورد براین. ئێستا هاوپەیمانیی ئاکپارتی و پارتی نەتەوەخوازی تورکیا دژایەتی کوردیان گرتۆتەپێش. هێشتا ئاسیملاسیۆن لەلایەن حکوومەتەوە بەردەوامە.
سێدکی زیلان وەبیری هێنایەوە: تورکیا دەبێت یان بوونی کورد لە پێکهاتەیێکی سیاسیی فیدراڵی لە تورکیادا قبووڵ بکات یان بەپێی دەستووری وڵات مافی کورد لە تورکیا بە فەرمی بناسێنێت و وانەوتنەوە بە کوردی لە قوتابخانەکاندا دەست پێبکات و لەبواری سیاسیەوە دۆخێکی ئەرێنی بۆ ڕەوتە سیاسییە کوردیەکان فەراهەم بکات.
ناوبراو جەختی کردەوە: پێویستە حکوومەت ئاسیملاسیۆن ڕابوەستێنێت. ئەگەر ئاسیملاسیۆن درێژەی ببێت، خەڵک چیدی قبووڵی ناکەن.
مافناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا وەبیری هێنایەوە: لەسەردەمی پڕۆسەی ئاشتی و تا پێش ساڵی 2015، ئەردۆغان لەمبارەوە هەندێک هەوڵی دا بەڵام پاش هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵە ئەردۆغان و ئاکپارتیێکی نوێ لەدایک بوون و نەک هەر لە تورکیا بەڵکوو هێرشیان کردە سەر کوردستانی سووریا و عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی-یان داگیر کرد و بە هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستانیش سیاسەتی دوژمنایەتیی کردنیان لەگەڵ کورد کردە پێشە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment