کوردپرێس: دوای کۆبونەوەی نێوانیان، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیێکدا رایگەیاند لەو دیدارەدا جەخت کرایەوە لەسەر پشتیوانی کردنی بەیاننامەکەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی ئایەتوڵا عەلی سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، بەرهەم ساڵح جەختی کردۆتەوە کە ئەم ھەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆیە پێویستە رێوشوێنی تۆکمە بگیرێتەبەر بۆئەوەی دەرەنجامی باوەڕپێکراو و متمانە بەخشی لێبکەوێتەوە و لەسۆنگەیەوە بەرنامەی حکوومەت لە ھێنادی دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێت و رووبەڕوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکات و ھۆکارێک بێت بۆئەوەی رۆڵی هێزە ئەمنیەکان پتەو بکات و شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و چەکیش لە دەستی حکوومەتدا بهێڵیتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردۆتەوە لەسەر پێویستی پەیڕەو کردنی نەخشەرێگایێکی گونجاو بۆ سازکردنی هەڵبژاردنەکان، کە سەرەتا بە تەواوکاری یاسای هەڵبژاردنەکان بەشێوەیێکی دادپەروەرانە دەسپێبکات و ھەروەک دەستەبەری نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بکات لەسەرانسەری عێراق بەجۆرێک رەنگدانەوەی ویستی ئازادانەی تەواوی ڕۆڵەکانی گەل بێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بەبێ هیچ فشار و گوشارێک کەئەمەش وادەکات دەرنجامەکەی هاوتابێت لەگەڵ ویستی گەل بەئاڕاستەی گۆرانکاری و پابەندبوونی تەواو لە بابەتی نوێنەرایەتیان لە حکوومەت و ئەنجومەنی نوێنەران.
بەرهەم ساڵح راشیگەیاند قۆناغی دوای تەواوکاری یاسای ھەڵبژاردنەکان، قۆناغی دوەمی پڕۆسەکە دێت کە قۆناغێکی گرنگترە ئەویش بریتیە لەدەستەبەرکردنی پاکترین و بێگەردترین پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجەش پێویستە رێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بنبڕ بگیرێتە بەر بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری و تەزویر لە پرۆسەکەدا، کە چارەنووسی ھەموو رۆڵەکانی گەلی عێراقی پێوە گرێدراوە.
هەروەها دووپاتی کردەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگن چوونکە دوای ئەو خۆپیشاندانە میلیانە دێت کە داوای چاکسازی و گۆڕانکاریان کرد و خواستیانە هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگدانەوەی رای گشتی و نیشتیمانی و داواکاری بۆ واقعی نوێی ژیانی نوێی سیاسی بێت لەپێناو پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری شایستە بە گەلی عێراق و بەردەوام کردنی ڕەوتی کاروانێکی ئاشتیانە لە بەدیهێنانی چاکسازی بەڵیندراو.
ھەروەھا بەرهەم ساڵح ئاماژەی دا بە گرنگیی دەستەبەر کردنی دەرفەتی بەشداری یەکسان لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرجەم هاولاتیان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لەڕێگای نەھێشتنی گرفتە تەکنیکی و یاسایی و کارگێڕیەکانەوە بۆئەوەی پڕۆسەکە بەجۆرێک بێت تاوەکوو ئاوارە و لێقەوماو و دەربەدەر و ئەوانی دیکەش دەرفەتی بەشداری کردنی ھاوسەنگیان بۆ فەراھەم بکرێت.
لەبەشێکی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەگرنگی هەماهەنگی کردنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی چاودێری کردنی کۆی قۆناغەکانی هەڵبژاردن بۆ چاودێری کردن و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەیێکی پاک و بێگەرد و پتەوکردنی متمانە ھاوڵاتیان و دڵنیای لای دەنگدەران بەھەڵبژاردنەکان کە ئەمەش خواستێکی گشتی میللی و سیاسی و نیشتیمانییە.
هەر لەو دیدارەدا جەخت کرایەوە لە پێویستی پشتیوانی کردنی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێری و دارایی و بەهێزکردنی رۆڵی هێزە ئەمنیەکان لەپرسی سنووردار کردن و ھێشتنەوەی چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، ھەروەک چۆن جەخت کرایەوە لە ئامانج و ئیرادەی چاکسازی کردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاڵپشتی کردنی سەقامگیری عێراق و ئاستەنگیەکانی بەردەمی و پارێزگاری کردنی سەروەریەکەی و ریگری کردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکان کەئەمەش مافێکی نیشتیمانیە و دەشبێتە دەستپێکی ھاوبەشیێکی نیشتیمانی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گرنگ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment