کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشەمە 19ی خەرمانانی 1399 بەرانبەر بە 9ی ئەیلوولی 2020 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران دوو تەوەری باس کرد: یەکەمیان مەسەلەی بازاڕی بۆرسە و دووهەم مەسەلەی کرانەوەی قوتابخانە و پەیمانگاکانی ئێران.
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی ئێستای بازاڕی بۆرسەی تارانەوە ڕایگەیاند کە پارێزگاری لە سامان و پارەی هاووڵاتییان دەرکێت و بەستێنەکە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە شێوەی درێژمەودا سەرمایەکانیان لەو بازاڕەدا پارێزاو بێت و قازانجەکەی بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوە.
ڕۆحانی گوتیشی سەرباری ئەوەی لە ژێر گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکانداین بەڵام دەوڵەت هەوڵی بووژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنان دەدات و بە هەموو کێشەکانەوە توانیویەتی قەرزی بانکی بدات بە کەرتی بەرهەمهێنان.
سەرککۆماری ئێران ئاماژەی بە مەسەلەی کرانەوەی قوتابخانە و پەیمانگاکانیش کرد و گوتیشی هەلومەرجی ئێستای ئێران پێوەندیی بە دۆخی وڵاتانی ئەورووپییەوە نیە و ئێران بە هۆی سزا ئابوورییەکانەوە لە هەلومەرجێکی تایبەتی خۆیدایەتی و ناکرێت کەرتی پەروەردە و دیکەی بەشەکان بە تەواوەتی دابخرێن.
شایانی باسە لە سەرەتای ساڵی 1399وە تا ناوەڕاست مانگی هاوینی ئەمساڵ بازاڕی بۆرسەی ئێران بە شێوەیێکی خەیاڵی و سەرسوڕهێنەر بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینی و ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران پارەیێکی زۆریان لەو بازاڕەدا خەواند و بەرپرسانی حکوومییش ڕۆژانە دەبوونە هاندەری هاووڵاتییان و داوایان لێدەکرد سەرمایەکانیان لەو بازاڕەدا بخەوێنن بەڵام زیاتر لە 2 مانگە بازاڕی بۆرسەی تاران دابەزینی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێرانی کە لەم دوایییەدا هاتوونەتە بازاڕکەوە و پارەیان تێدا خەواندووە تووشی زیانێکی قورس هاتوون.
ئێستاش ڕۆژانە بەرپرسانی حکوومی و لایەنە پێوەندیدارەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن کە دان بە خۆیاندا بگرن و پشکی کۆمپانیاکان هەڕاج نەکەن چوونکە تووشی زیان دەبن و بەڵێنی ئەوە دەدەن کە دیسان بازاڕی بۆرسەی تاران بەرز دەبێتەوە و لووتکەی پێشووی خۆیشی تێدەپەڕێنێت. بەڵام تا ئەمڕۆکەش گوشاری فرۆشەکان ئێجگار زۆرە و دیار نیە لە چ کاتێکدا بازاڕەکە دەگاتەوە ئاستێکی مەعقوول.
Your Comment