وەزیری دەرەوەی تورکیا: پەکەکە زیاترین زیانی لە خودی کورد داوە

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا ئیدعای کرد پەکەکە دەستی بە سەر سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا گرتووە و ئێستا نیازیەتی هەولێر کۆنتڕۆڵ بکات بۆیە خۆی پەکەکە زیاترین زیانی لە کورد داوە.

کوردپرێس:

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی پەکەکەوه‌ قسەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە پەکەکە لە کورد جیا بکەنەوە و پەکەکە و یەپەگە گەورەترین دوژمنی کوردن".

مەولوود چاوشئۆغڵو، گوتیشی، پەکەکە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر هەولێر و دەستی بەسەردا بگرێت، ئەو بابەتەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باس کردووە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو باسی لە بوونی گه‌ریلاكانی پەکەکە لە عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرترین ستەم پەکەکە لە خودی کوردی کردووە.

مەولود چاوشئۆغڵو وتی: "هەموو جارێک دەڵێین کە سەیری پەکەکە دەکەین ئەو ستەمەی کە دەیکات زۆرتر لە برایانی کورد دەکات، پەکەکە زۆرترین زیانی گەیاندوورە بە برایانی کورد و ئەم بابەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە واتایێکی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە بە ئاشکرا باسیان کردووە، خۆی پەکەکە لە باکووری عێراق زۆرترین زیانی بە کورد گەیاندووە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتیشی: "پەکەکە ئێستا تەواو دەستی بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا گرتووە لە ناوچەی سلێمانی، کۆنترۆڵی شارەکانی کردووە، دەستی بەسەر هەزار گوندا گرتووە، مەبەستی پەکەکە لەوە دەستبەسەرداگرتنی هەولێرە، کاتێک لە هەوڵەکانی بۆ جیاکردنەوەی تورکیا سەرنەکەوت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ تورکیا کرد و وتی: "وەک ئەوەی کە پارتی و بارزانی باسی لێوە دەکەن، پەکەکە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە جێبەجێ دەکات و بە زۆر دەیەوێت منداڵان ببات بۆ شاخ، منداڵانی کورد و منداڵانی ئێزدی و چەک دەدات بە دەستیان و چەکداریان دەکات".

وتیشی: "حکوومەتی هەرێم زۆر جار تەئکیدی لەو بارودۆخە کردووەتەوە. لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیایش باسی ئەوەمان کرد".

مەولود چاوشئۆغڵو لە بەشیكی دیکە قسەکانیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە بۆ دانانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەر خوان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لێی گیرابوو و وتی: "رەخنەیێکی زۆرمان لێ گیرا بەهۆی دیدارمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و دانانی ئاڵای هەرێمەکە کە گوایە ئەمە ئاڵای پەکەکەیە کە ئەمە راست نییە، هەڵەیە. ئەگەر هەموو برایانی کورد لە ریزی پەکەکە دابنێین، لێرە دەکەوینە ئەو هەڵەیە کە دوژمنایەتیی کوردمان کردووە، ئێمە برای کوردین و دژبە دوژمنایەتی­کردنی کوردین".

لە چەند رۆژی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی پاش تێپەڕبوونی ٧٢ کاتژمێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسادا سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، تورکیا بەردەوام بە بیانووی بوونی پەکەکە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کردووە و لەم دواییانەشدا و لە بۆردومانێکدا، سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنووری عێراق کوژران، کە دوانیان فەرماندە بوون.

News Code 190003

Your Comment

You are replying to: .
captcha