بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەكانیان لە بۆسەیێكدا لە نزیک زێی بچووک لە باشووری رۆژئاوای شاری كەركووک، دوو چەکداری داعشیان دەستگیر كردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوو چەکدارەکە لەو كاتەی دەستگیر كراون هەوڵیان داوە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیک ئاپ چەکدارێک لە ناوچەكەدا بگوازنەوە، بەڵام چەکدارەکە هەڵاتووە و دەستگیر نەكراوە.
باس لەوەش کراوە، لە میانی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەدا، چەكێكی كڵاشینكۆڤ لەگەڵ ژمارەیێک كەلوپەل كە بۆ شاردنەوەی چەکداران لە هێزە ئەمنییەكان بەكارهێنراوە دۆزراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتبارەكان بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریاندا دەستبەسەر كراون.
لە میانی زنجیرەیێک ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ سەر چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووک، ژمارەیێک حەشارگە خاپوور كران و دەستبەسەر ژمارەیێک چەک و تەقەمەنیشدا گیرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment