دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان شوێندانەریی ئیجابیی لە سەر دۆخی کوردستانی سووریا دەبێت

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە کوردەکان لە قۆناغێکی هەستیاردان و دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان دەروی ئیجابیی دەبێت لە دۆخی کوردەکانی سووریا.

کوردپرێس:

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دوایییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کرد و دەڵێت: سەردانەکە لە چوارچێوەی ئەو دیدارانە ئەنجام درا کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیار بوو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی هەرێمی ئەنجامی بدات.

ئاپۆ گوتیشی: هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خۆبواردن لە ململانێی هەرێمی و پارێزگاری کردن لە مافی هاووڵاتییانی کورد و هاوکاریی ئابووری و بەرژەوەندیی خەڵکی کورد لە بەشەکانی دیکەدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دیدار دەکات.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: دیداری فەرمیی بەڕێز نێچیرڤان بارزنی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە چوارچێوەی هەمان جووڵە دیپڵۆماسییانەدا ئەنجام درا و دوێنێ لە بەغدا بوو ئەمڕۆکە لە تورکیا. لەگەڵ ئەوەش هەموومان دەزانین کە تورکیا کێیە! سبەینێش یان دوسبەی و ڕۆژانی داهاتووش بۆی هەیە سەردانی وڵاتێکی دیکە بکات.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ دووپاتی کردەوە کە سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جووڵەی دیپڵۆماسییانەی کورد سەردنی گرینگ و پێویستن نەخوازەڵا لەم قۆناغەدا کە کورد لە دۆخێکی ئێجگار هەستیاردایە.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا کە دیدارەکە چ کارتێکەرییێکی لە سەر دۆخی کوردەکانی سووریا دەبێت بە کوردپرێسی وت بێگۆمان ئەم دیدارە شوێندانەریی ئیجابیی دەبێت لە سەر دۆخی کوردستانی سووریا چوونکە خاڵی هاوبەشی زۆر لە گفتوگۆکانی هەردوولا دەبینرێت.

News Code 189958

Your Comment

You are replying to: .
captcha