ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی 4 دەروازەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاشکرای کرد کە لایەنی ئێرانی رەزامەندیی کۆتاییان دەربڕیوە بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی هەریەکە لە مەرزەکانی پشتە- تەوێڵە- کێلێ- سەیران بەند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاندووە: بابەتی بە نێودەوڵەتی کردنی مەرزەکانی شۆشمێ‌ و پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئێرانەوە ماوەیێکی زۆرە رەزامەندی لەسەر دراوە، هاوکات ئێران رەزامەندیشی لەسەر بە نێودەوڵەتی کردنی مەرزەکانی سەیران بەند و کێلێ‌-ش داوە.

کاوە عەلی درێژەی دا: بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەگەڵ ئێمە ئەو بابەتە تاوتوێ‌ کراوە بەڵام ئێمە بە لایەنی ئێرانیمان راگەیاندووە: ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و تەنانەت حکوومەتی هەرێم ناتوانێت بڕیاری بە نێودەوڵەتی کردنی دەروازە سنوورییەکان بدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: بەهۆی ئەوەی بابەتی مەرزە نێودەوڵەتییەکان بابەتێکی سیادیە و لە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندە، بۆیە داوامان لێکردوون کە ئەو بابەتە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکەن، بۆیە لایەنی ئێرانیش ئەو بابەتەیان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و لە چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدان بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی ئەو چوار مەرزانە کە لەئێستادا فەرمی نین.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، بە نێودەوڵەتی کردنی مەرزەکانی پشتە و شۆشمێ‌ لە پارێزگای هەڵەبجە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت بۆ زیاتر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری سنوورەکە، بەجۆرێک هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە دابین دەکات و هاوکات داهاتی حکوومەتی هەرێمیش زیاد دەکات.

دواخستنی پرسی بەنێودەوڵەتی کردنی ئەو چوار دەروازە سنووریەی هەرێم لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا هەرێم و بە‌‌غدا گفتوگۆی چڕیان لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ئەنجام دا و تا ئێستاش ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189946

Your Comment

You are replying to: .
captcha