نێچیرڤان بارزانی و لاهوور شێخ جەنگی وەک سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ماکرۆن دیدار دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و دیدار لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا بە کوردپرێسی وت: هەرێمی کوردستان وەفدی نەناردووە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و لاهوور شێخ جەنگی وەک نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن.

کوردپرێس:

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیتشمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ بەغدا کرد کە پاش سەردانەکەی بۆ لوبنان ئەنجامی داوە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

سەعدی پیرە لەبارەی سەردانەکەی ماکرۆن و دیدارەکانی بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: سەردانەکە سەردانی فەرمیی دەوڵەت بۆ عێراق نیە بەڵکوو سەردانی کارە و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە بەغدا دمێنێتەوە و بەرنامەی چڕوپڕی هەیە کە بریتین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و دیدار لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق. ئەمەش شتێکی تایبەتە و پەیوەستە بە تایبەتمەندییەکانی فەڕەنساوە. فەڕەنسا وەک یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جیاوازە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دنیا لە مەسەلەی کورد و لە مەسەلەی ئێران و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. فەڕەنسا قەت لەبارەی ئەو مەسەلانەوە بێ لایەن نەبووە و هاتنیشی بۆ عێراق وێڕای ئەوەی دەیەوێت پشتیوانی لە دەوڵەتەکەی مستەفا کازمی بکات، دروست کردنی جێگیری و سەقامگیری لە ناوچەکە ئامانجێکی دیکەی ماکرۆنە. بەم شێوەیەش دەیەوێت بە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئینگلیز بڵێت کە بەڵێ فەڕەنساش یەکێکە لەو دەوڵەتانە و "دەمانەوێت لەم کێکە قاشێکمان بەرکەوێت بیخۆین."

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی دیداری لایەنە کوردییەکان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا بە کوردپرێسی وت: لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی کۆمارین و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی فەڕنسا دەبێت. بەڵام لە سەردانەکە، هەرێمی کوردستان وەفدی نەناردووە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و لاهوور شێخ جەنگی وەک نوێنەری لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی ڕوانگەی فەڕەنسا بەرانبەر بە پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بە کوردپرێسی وت: فەڕەنسا لایەنگیری ئەوەیە کە هەرێم و بەغدا پێوەندییان باش بێت و ڕێکبکەون و لە ناوچەکەش هەوڵ دەدات ئەوەی پێوەندیی بە ئێرانەوەیە و ئەوەی پێوەندیی بە تورکیاوەیە سەقامگیری و تەوازن لە ناوچەکە هەبێت و پێوەندییەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەر ئەساسی ئیحترامی بەرانبەر بێت.

سەعدی پیرە لەکۆتاییدا باسی پێوەندیی پارتی و یەکێتییشی کرد و بە کوردپرێسی وت پێوەندیی پارتی و یەکێتی پێوەندییێکی باشە چوونکە پێکەوە لە حکوومەتدان بەڵام بە گشتی ڕێدەکەوێت لە ناو حیزبێک ڕاجیاوزی و ئیختیلاف هەبێت بەتایبەتی لە نێو پارتی و یەکێتی کە هەر کەسەو خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت واتا کەسیان خۆی بە پاشکۆ نازانێت بۆیە ئاسایییە هەندێک جار کێشە و ناکۆکییش هەبێت بەڵام لە کۆتاییدا کۆ دەبینەوە لە سەر ئەساسی هاوکاری.

ناوبراو لەبارەی تەوەری ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بە کوردپرێسی وت: ناکۆکییەکان لە سەر ئەوەن هەر یەکەو لە دیدی خۆیەوە سەیری کێشەکان دەکات. ئێمە پێمان وایە هەرچی زووە گۆڕانکارییێکی گەورە لە کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین مووچە بە تەواوی بدەین بەڵام ڕەنگە پارتی ئەوەی لا ئاسایی بێت کە بە کەم کردنەوە مووچەی هاووڵاتییان بدات. مەسەلەی دووهەم ئەوەیە کە ئێمە پێمان وایە دەبێت لە هەرێمی کوردستان یەک سیاسەتی هاوبەشمان هەبێت لە بەرانبەر وڵاتانی ناوچەکە. پێشمان وایە سیاسەتەکە دەبێت سیاسەتی هەرێمی کوردستان بێت نەک بە پێی میزاجی ئەم حیزب و ئەو حیزب بێت. مەسەلەی سێهەم ئەوەیە کە ئێمە پێمان خۆشە هەرێمی کوردستان یەک هێزی پێشمەرگەی یەگرتووی هەبێت نەک پێشمەرگەی حیزبەکان. چوونکە ئێستا قۆناغێکی پێشکەوتووترە و پێویستە هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی هەبێت و پێشمەرگەی پارتی نەبێت و پێشمەرگەی یەکێتی نەبێت و فەرمان لە سەرۆکی هەرێم و لە وەزیری پێشمەرگە وەربگرن.

News Code 189928

Your Comment

You are replying to: .
captcha