له‌ 7 مانگی ئه‌مساڵدا له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌کان 147 کرده‌ی تیرۆریستی 650 قوربانیان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگه‌یاند: له‌ 7 مانگی ئه‌مساڵدا، له‌ سنووری ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، چه‌کدارانی داعش 147 کرده‌ی تیرۆریستییان ئه‌نجام داوه‌ و له‌ ئاکامدا 650 کوژراو و بریندار و رفێندراویان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌.

کوردپرێس: جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە تەلەفیزیۆنی کوردستان 24ی ڕاگەیاند: له‌ ئێستادا هیچ شاندێکی سه‌ربازی هه‌رێمی کوردستان له‌ شاری به‌غدا بۆ گفتوگۆ کردن نییە و هێشتا شاندی سه‌ربازیی هه‌رێم بۆ به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی سه‌ردانی به‌غدای نه‌کردووه‌، چونکه‌ واده‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌.

جه‌بار یاوه‌ر گوتیشی: تا ئێستا گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌که‌ین له‌ دژی داعش. ئه‌م پرسه‌ پێش 2014 هه‌بووه‌. له‌ 2009ه‌وه‌ خه‌ریک بووین تا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ رێککه‌وێت. ئه‌و کاته‌ ناوی لیژنه‌ی باڵای کاری هاوبه‌ش بوو. چوار ساڵ به‌رده‌وام بووین. له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی: یه‌که‌م: دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق. دووه‌میش له‌و ناوچانه‌ی داعش تێیاندا ده‌ستی به‌ کرده‌ی تیرۆریستی کردووه‌، هه‌روه‌ها چۆنێتی رێکخستنی هێڵی به‌رگریکردن له‌و ناوچانه‌ رێکده‌خرێت. خاڵی سێیه‌می پرۆسه‌که‌، ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌شه‌ دژ به‌ تیرۆریستانی داعش.

ناوبراو ئاشکراشی کرد، هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا له‌ گفتوگۆدان و تا ئێستا هیچ رێککه‌وتنێکی ئه‌منی ئه‌نجام نه‌دراوه‌، له‌ باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و سه‌ربازی.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌ باره‌ی مووچه‌ و خه‌رجی پێشمه‌رگه‌وه‌، بڕیاره‌ بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بکه‌ن و بیده‌نه‌ سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی خه‌مڵێندراوی هه‌رێمی کوردستان جێگیر بکرێت.

ناوبراو گوتیشی: ئێستا لیژنه‌یێکی باڵای هه‌رێم له‌ به‌غدایه‌ بۆ داڕشتنی ستراتیژییه‌تی بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2021، 2022، 2023)، پرسی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌ تاوتوێ ده‌کرێت.

روونیشی کرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ باسی ده‌که‌ین، هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازییه‌ له‌ ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، که‌ به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 140 هێشتا کێشه‌ له‌ ناوچه‌کان هه‌یه‌. بێگومان زیادبوونی کرده‌ی تیرۆریستی داعش، له‌و ناوچانه‌، مه‌ترسییه‌ و پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی و کاری هاوبه‌ش هه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خستییه‌ڕوو، له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌کاندا:

* له‌ 2018 دا 465 کرده‌ی تیرۆریستی هه‌بووه‌، 1700 که‌س کوژرا و بریندار بووه‌.

* له‌ 2019دا نزیکه‌ی 237 کرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامدراوه‌، نزیکه‌ی 1058 کوژراو و بریندار و رفێندراو هه‌بووه‌.

* ئێستا له‌ 7 مانگی ئه‌مساڵدا 147 کرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجا مدراوه‌، نزیکه‌ی 650 کوژراو و بریندار و رفێندراو هه‌یه‌.

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشه‌وه‌، جه‌بار یاوه‌ر باسی له‌وه‌کرد، هاوپه‌یمانان پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ده‌که‌ن و هه‌وڵیانداوه‌ هاوبه‌شی ئه‌منی و هه‌واڵگری له‌ نێوان هه‌ردوولا درووست بکه‌ن. هانی هه‌ردوولایان داوه‌، باشترین رێگه‌ بۆ کۆتاییهێنان به‌ داعش، هه‌بوونی کاری هاوبه‌شه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189895

Your Comment

You are replying to: .
captcha