بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵدا کە لەدواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنەکە بڵاو کرایەوە ئاماژە بەوە کراوە "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەپێناو وەدەستهێنانی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەکان نەیانتوانیوە ڕێگری لەئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی بکەن و چاکسازی ڕاستەقینە ئەنجام بدەن".
هاوکات ئەنجومەنەکە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیاری یەکەم لەئاڵۆزییەکان و خراپی باروگوزەرانی خەڵکیى دەزانێت.
لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵ هەڵگرتنى پارێزبەندى لە سۆران عومەر پەرلەمانتارى کوردستان بە هەوڵێک بۆ گەلەکۆمەکردن لە پارتەکەیان دەزانن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کارە سەلمێنەری ئەو راستیەن کەکۆمەڵ لەبەرەی خەڵکە و داکۆکی لەداخوازیەکانیان دەکات و لەو پێناوەشدا باجی داوە.
هاوکات ئەنجومەنەکە پشتیوانى و پشتگیرى لە ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى کردووە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "کۆمەڵ هەموو ڕێگایێکی مەدەنی و دیبلۆماسی لەبەردەمیدا کراوەیە و دەیگرێتەبەر لەپێناو سووک کردنی باری قورسی سەرشانی هاووڵاتیان و دەربازکردنیان لەو قەیرانە بەرفراوانەی بۆیان خولقێنراوە".
ئاماژەش بەوە کراوە "گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەشێوازی مەدەنی بەمافی ڕەوای هاووڵاتیان دەزانین و پشتیوانی لێ دەکەین، دوور لەتوندوتیژی و هەڵکوتانە سەر شوێنەگشتیەکان".
سەبارەت بە ئەنجامدانى کۆنگرەى کۆمەڵ لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لەسەرپرسی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامیش بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ دەبوو کۆنگرەی چوارەم ببەسترایە، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناو بەلەبەرچاوگرتنی تەندروستی ئەندامان و جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکان بەستنی کۆنگرە لەوادەی خۆی دا ئەنجام نەدراو هەرکات بارودۆخی پەتاکە و مەترسیەکانی کەم بوویەوە لەنزیکترین کاتی گونجاودا کۆمەڵ کۆنگرەی خۆی دەبەستێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment