بەگوێرەی دەستووری عێراق هەولێر دەبێت داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان ڕادەستی بەغدا بکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر موسەنا ئەمین نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپرێسدا ڕایگەیاند: بەگوێرەی دەستووری عێراق هەولێر دەبێت داهاتی نەوت و خاڵەسنوورییەکان ڕادەستی بەغدا بکاتەوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش چەندین خولی دانوستانی نێوان حکوومەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو لایەنەکە لەسەر ئەم خاڵە ڕێککەوتن کە بەغدا مانگێک 320 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ئەوەش تاکۆتایی ساڵی 2020. ئەم ڕێککەوتنەش لە حاڵێکدایە کە ئێستا چەند دۆسیەی چارەسەر نەکراو لەنێوان بەغدا و هەرێمدا هێشتا کراوەیە لەوان پرسی هێزی پێشمەرگە، مادەی 140، پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە دەبێت لەلایەن بەغداوە خەرج بکرێت و چەند پرسی پرسی دیکە. ئەم ڕێککەوتنەش لەحاڵێکدا کراوە کە سەرەڕای ئەو بوودجەیە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم ڕەوانە دەکرێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرج بکات و ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کە هەندێک جار ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە و خۆپیشاندەران نووسینگەی حزب و شوێنە حکوومییەکانیان سووتاندووە. ئاژانسی کوردپرێس بە ئامانجی لێکدانەوەی دۆخی ئێستای هەرێم، ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە و ڕەهندەکانی ڕێککەوتنەکە، داهاتووی پێوەندییەکان و بەرپرسی دۆخەکەی ئێستا لەگەڵ موسەنا ئەمین نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و هەروەها ئەندامی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان گفتوگۆیێکی ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕونکردنەوە لەبارەی ئەو نامەی کە بەڕێزتان و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە بۆ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان ناردووتانە، لە ئێستادا وەکوو نوێنەری خەڵک بارودۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە چۆن دەبینن و دەرەنجامی ئەم دۆخە چییە؟

موسەننا ئەمین: حاڵی مووچەخۆران زۆر باش نییە، لەبەر ئەوەی کە چەند مانگ جارێک مووچە دابەش دەکرێت و سەرباری هەموو ئەمانەیش ئێستا لەسەدا 20ی لێ دەبڕن. ئەوەی کە هۆکارە بۆ ئەم بابەتە گەندەڵیی بازێک لە بەرپرسانی هەرێمە کە ناتوانن چارەسەری بکەن. داهاتەکانی هەرێمی کوردستان باش کۆ ناکرێنەوە و دەستپیسیی تێدایە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە داهاتی حکوومەت لە نەوت کەم بێت، لە دەروازە سنوورییەکان کەم بێت هەروەها لە کۆ کردنەوەی داهاتی ناخۆ کەم بێت ئەمەیش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە حکوومەت ئیدیعای ئەوە دەکات کە ناتوانێت مووچە بدات. لە ڕاستیشدا ئەو ناتوانێت چارەسەری گەندەڵی بکات و حوکمڕانیێکی تەندروست بکات ئەگینا ئەوەی کە دەبێت بیکات ئەوە نییە کە بێت و مووچەی خەڵک ببڕێت و بە دوو مانگ جارێک دابەشی بکات. ئەوەی کە دەبێت بیکات ئەمانەیە: یەکەم ئەبێت گەندەڵی کۆتایی پێبێنێت و سنوورێک بۆ ئەم دەست پیسییە دابنێت؛ دووهەم ئەبێت ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەغدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت داهاتی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی خۆی بە باشی دەست کەوێت. بەڵام لە جیاتی ئەوەی کە بێت و ئەم دووکارە بکات دێت مووچەی خەڵک دەبڕێت یان مووچەی خەڵک دوا دەخات.

کوردپرێس: پێتان وایە دوای ئەم ڕێککەوتنە کە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ نادرنی مانگانە 320 ملیار دینار کردوویەتی کێشەکان، بەتایبەت کێشەی پێدانی مووچە چارەسەر دەبێت لە مانگی داهاتووەوە؟

موسەننا ئەمین: من باوەڕ ناکەم بە تەواوێتی کێشەکە چارەسەر ببێت هەتاکوو ئەو کاتەی کە هەردوولا ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتیی درێژخایەن ئەکەن کە ئەو ڕێککەوتنە ئیحتیاجاتی تەواوی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت و حکوومەتی ئیتیحادیش لە جیاتی ئەوەی کە بێت و مەعاشی خەڵک دابین بکات و زەمانەتی بکات (چوونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق و حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لەوەی کە مووچەخۆری دەوڵەتی فیدراڵ دابین بکات) هەمیشە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەکات بۆ کاروباری تایبەتی بەغدا و لەو لایشەوە ئەوەندە داهات بەردەست دەکات کە بەشی تەواوی مووچەی هەرێم ناکات. کە واتا حکوومەتی ناوەندیش بەرپرسیارە لەم وەزعەدا.

کوردپرێس: جەنابتان وەکوو نوێنەری خەڵک ڕازی نین بەم شێوازە ڕێککەوتنەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت؟

موسەننا ئەمین: بە تەئکید ئێمە ڕازی نین، چوونکە ئەم ڕێککەوتنە، ڕێککەوتنی خۆبێدەنگ کردنە لە بەرپرسیارێتی حەقیقی. هەردووکیان (حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ) لەبەر ئەوەی کە دژایەتی گەندەڵییان پێناکرێت و چاکسازی لە کۆ کردنەوەی داهاتدا ناتوانن بکەن و ناتوانن زەمانەتی ژیانی تەواوی خەڵک بکەن پەنا دەبەنە ڕێککەوتنی کورت خایەن و ڕواڵەتی و ڕێککەوتنێک کە گەندەڵی کۆتایی پێناهێنێت و قەیرانەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکات و هەمیشە ئەمڕۆ دەسپێرن بە سبەینێ و سبەینێ ئەسپێرن بە دوو سبەی و ئەم مانگ ئەسپێرن بە مانگی داهاتوو و ئەمەش بێ گومان خەڵکی لە قەلەق و دڵەڕاوکێ ئەهێڵێتەوە.

کوردپرێس: هەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە کراوە بڕیار دراوە 50 لەسەدی داهاتی دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی حکوومەتی بەغدا بکرێت ئایا ئێوە وەکوو نوێنەری خەڵک ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنەن بەتایبەت لە باسی سنوورەکانەوە؟

موسەننا ئەمین: ئەوەی کە باسی سنوورەکان ئەوە پێوەندی بە دەستووری عێراقەوە هەیە کە ئەوەی بڕیار داوە. بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و حکوومەتی ئیتیحادی خۆی هەموو جارێک خەمڵاندوویەتی کە چەند داهاتی سنوورەکان هەیە و لەو داهاتە بڕیوەیەتی کە بڕیار بووە بینێرێت بۆ حکوومەتی هەرێم. لە جێگای ئەوەی خۆی بێت و چاودێریی ئاستی ڕاستەقینەی داهاتەکان بکات، خەمڵاندنێکی بۆی کردووە و بەپێی ئەو خەمڵاندنە بڕیویەتی لە داهاتی هەرێم. بەپێی دەستوور ئەبێت حکوومەتی هەرێم داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و داهاتی گومرگ و سنوورەکانیش دەبێت نیوەی تەسلیم بە حکوومەت بکات کە ئەمە دەستوور و یاسایە لە عێراق بەڵام بەداخەوە بەهۆکاری جیاواز لە عێراق جێبەجێ نەکراوە.

کوردپرێس: ئاماژەتان بە گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت بەتایبەت لە پرسی داهات کرد. ئایا حکوومەتی هەرێم ئامادە دەبێت چاودێریی حکوومەتی ناوەند لەسەر داهاتی دەروازە سنوورییەکان قبووڵ بکات؟

موسەننا ئەمین: حکوومەتی هەرێم دەبێت ئەو چاودێرییە قبووڵ بکات ئەگەر قەرار بێت دەوڵەت دەوڵەتی یاسا بێت هەروەها دەبێت چاودێریی میدیا و ڕای گشتیش قبووڵ بکات و چاودێریی پەرلەمانی کوردستانیش قبووڵ بکات و چاودێریی حکوومەتی ئیتیحادیش قبووڵ بکات ئەگەر قەرارە گەندەڵی نەگرێت لە بابەتەکەدا. لەبەر هەموو ئەمانە دەبێت قبووڵی بکات.

کوردپرێس: بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئایا لە ئێستادا لیژنەیێک بۆ چاودێری و جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە پێکهێنراوە و چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟

موسەننا ئەمین: ئەوندەی من زانییاریم هەبێت هێشتا ئەو کارە تەواو نەبووە، قەرار بوو لە دوای گەڕانەوەی کازمی لە ئەمریکا ئەو بابەتە بەشێوەی جیددیتر قسەی لەسەر بکرێت، بەس تا ئەو ئاستەی من ئاگاردار بم تائێستا ئەو پرسە لە هەموو لایێکەوە ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

کوردپرێس: لەئێستادا لە شارەکانی هەرێم ناڕەزایەتیی خەڵک لەسەر شەقامەکان دەبینین، بەڵام ناوەندەکانی حکوومەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمەتباریان دەکەن بە تێکدانی ئاسایش و بەوەی کە پێوەندییان بە لایەنەکانەوە هەیە و ئێوەیش وەکوو پەرلەمانتار نامەیێکتان بۆ یوو ئین نارد لەمباروە؛ ڕاوبۆچوونتان لەبارەی ئەو هەڵسوکەوتەی حکوومەت لەگەڵ ناڕەزایی دەربڕینەکان چییە؟

موسەننا ئەمین: ئێمە پێمان وایە نە حکوومەتی فیدراڵ و نە حکوومەتی هەرێم هیچ وەختێک ڕێزیان لەو مافە دەستووری و یاساییە نەگرتووە کە خەڵک مافی هەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەرببڕێت لە هەر کاتێکدا و بەشێوازێکی ئاشتییانە و بەپێی یاسا ئەم مافە دەبێت مسۆگەر بکرێت بۆ خەڵک. ئەگەر ئەم مافە مسۆگەر نەکرا خەڵک کاردانەوەی ئەبێت کاردانەوەکانی خەڵکیش دوو جۆرە: جۆرێکیان بەپێی یاسایە و دەبێت حکوومەت ڕێزی لێبگرێت چوونکە چالاکییێکی مەدەنییە و دەبێت حکوومەت مامەڵەی لەگەڵ بکات و ڕێزی لێبگرێت و گوێی لێبگرێت. جۆرێکی دیکەشی تێکدانە و ئاژاوەگێڕیە و دەستە و ئەچێتە ناو ئەو خۆپیشاندانانەوە بۆ ناشیرین کردنی خۆپیشاندان هەڵدەستێت بە ئەنجام دانی هەندێک کار کە ئێمە گومنمان لەسەر ئەمە جیدییە کە هەر خودی ئەو دەسەڵاتە کە خۆپیشاندانی ناوێت خەڵک دەنێرێت بۆ ناو خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی کە بچن و هەندێک مەرامی تایبەت جێبەجێ بکەن وەکوو ئەوەی هەندێک شوێن بسووتێنن یان هێرش بکەنە سەر بارەگا حکوومییەکان و بارەگای حیزبێک کە ئەمانە هەمووی دەبێت کۆتایی پێبێت و حکوومەت نابێت بەم بیانووانەوە نکوولی لەوە بکات کە خەڵک مافی ئەوەی هەیە کە دەبێت خۆپیشاندان بکات. حکوومەتی فیدراڵیش سەدان کەسی کوشت و هەزارانی دیکەی لەسەر خۆپیشاندان بریندار کرد. لە دەرەنجامدا دەبێت هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدایش ڕێز لەوە بگرن کە مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنی دەبێت مەدەنییانە بێت و دەبێت ڕێز لەوە بگیردرێت کە خەڵک خۆی لەم وڵاتەدا سەروەرە و خۆی مافی هەیە لەسەر چارەنووسی خۆی قسە بکات و ئەبێت لەچوارچێوەی یاسادا ڕێز لەم جووڵانەوەی خەڵک بگیردرێت. ئەگەر کەسێکیش تێکدەرە حکوومەت ئەرکی ئەوەی هەیە بیدۆزێتەوە و بیسەلمێنێت کە تێکدەرە.

کوردپرێس: داهاتووی ئەم خۆپیشاندانانە چۆن دەبینن؟

موسەننا ئەمین: داهاتووی هەموو جۆرە جووڵانەوەیێکی مەدەنی دەرەنجامی مسۆگەرە، دەرەنجامەکەشی چۆن مسۆگەرە؟ ئەمە شارێکە و دەسەڵاتی سیاسی دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان وەڵامی بداتەوە. لە کاتی بێدەنگیدا وەکوو ئەوەی کە دەڵێن بێدەنگی دیکتاتۆر دروست دەکات و هەر مافێک داخوازیکاری بەشوێنەوە بێت نافوتێت. لەبەر هەموو ئەمانە ئەگەر زوو بێت یان درەنگ ئەمڕۆ یان بەیانی میللەت دەتوانێت ئیرادەی خۆی بسەلمێنێت و بیسەپێنێت و بەشێوازی جوزئی بێت یان بە شێوازی کولی حکوومەت خۆی چاک بکات یا هەندێک چاکسازی ئەنجام بدات؛ لە هەموو حاڵەتێکدا ناڕەزایەتییەکان ئەگەر مەدەنی و بەشێوازی پێویست و یاسایی بێت دەرەنجامی خۆیان هەر دەبێت. هەر جۆرە دەرەنجامێکی هەبێت هەر بێ دەرەنجام نابێت و لانی کەمی دەرەنجامەکەی هێشتنەوەی خەڵکە بە هۆشاری و بە زیندووی و ویژدانی باش و بە خاوەن هەڵوێستی باشتر لە بێدەنگی و سەرکزی.

دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189849

Your Comment

You are replying to: .
captcha