کوردپرێس:
ئەفشین شەعبانی بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند بە گوێرەی ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە 25 خاڵدا بڵاو کراوەتەوە هاتوچۆی هاووڵاتییان بە چەند مەرج و ڕێنماییێکی تایبەت و سنووردار ڕێگەی پێدراوە.
شەعبانی گوتیشی کۆی ئەو کەسانەی هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن و بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە هەرێم ئێستا لە ڕۆژی یەکی خەرمانانەوە (22ی ئابی 2020)ڕێگەیان پێدراوە کە لە دوو دەروازەی باشماخ و حاجی ئومەرانەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ گوتیشی هاووڵاتییانی هەرێم کە نیازی سەردانی پزیشکییان بۆ ئێران هەیە و ئەو هاووڵاتییانەش کە خوێندکاری زانکۆکانی ئێرانن دەتوانن داواکارییەکەیان پێشکەش بکەن و پاش پەسەندکرانی سەردانی ئێران بکەن.
لەبارەی هاووڵاتییانی ئێرانییشەوە ئەو هاووڵاتییانەی کە ئیقامەی هەرێمیان وەرگرتووە یان خود کارتی بازرگانیی فەرمییان هەیە یان نووسراوی فەرمیی کونسوڵخانەی ئێرانیان لایە دەتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
شعبانی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لایەنی هەرێمی کوردستان تاقی کردنەوەی کۆرۆنا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە دەکات کە نیازیانە سەردانی هەرێم بکەن و تێچووی تاقی کردنەوە پزیشکییەکەش لە سەر خودی هاووڵاتییان دەبێت و نرخەکەشی یەک ملوێن و 200 هەزار تمەنە کە لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە لە هاووڵاتییانی ئێرانی وەردەگیرێت.
Your Comment