بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سلێمانی پێشوازیی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و لە دیدارێکدا ڕەوشی عێراق و دوا پێشهاتەکان گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پتەو کردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق و گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور.
شێخ جەنگی داواشی کرد لە بودجەی ساڵی داهاتوودا ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵی خۆی ببینێت لە دیاری کردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشەیە بە یەکجاریی چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر مووچە و بودجەی هەرێم تێکەڵی کێشە و ململانێ سیاسیەکان نەکرێت.
لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختیش، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان دۆخ و زەمینەیێکی لەبار بڕەخسێندرێت کە تیایدا هەموو هێزە سیاسیەکان بتوانن بەشداری لەو پڕۆسە دیموکراسیە بکەن و هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە دەستوەردان بەڕێوەبچێت.
لای خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خۆشحاڵیی خۆی دەربری بە باش بوونی تەندروستی و سەلامەتی لاهور شێخ جەنگی و تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی کرد لە پیناو ڕەخساندنی زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment